کەشتیگەلی خۆڕاگری: بە درۆن هێرشکراوەتە سەر یەکێک لە بەلەمەکانمان

09-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کەشتیگەلی "خۆڕاگری" کە دەیەوێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و هاوکاریی پێ گەیێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر یەکێک لە بەلەمەکانیان لە نێو سووری تونس. چالاکڤانانی کەشتیگەلەکە گومان دەکەن ئیسرائیل هێرشەکەی کردبێت. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە چەند گۆشەیەکەوە گیراون و بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن کە دەنگی درۆن دێت و دواتر تەنێکی گڕدار لە ئاسمانەوە بەردەبێتەوە و بەر بەلەمەکە دەکەوێت، پاشان بەلەمەکە گڕ دەگرێت. 
 
پاسەوانی نیشتمانیی تونس ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ کارێکی دووژمنکارانە یان هێرشێکی دەرەکی لە ئارادا نییە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسەوانی نیشتمانیی تونس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەپێچەوانەی ئەوەی لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە هەبوونی درۆنێک کە گوایە ئەو بەلەمەی کردبێتە ئامانج بڵاودەکرێتەوە، ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی پشکنینە سەرەتاییەکان، هۆکاری ئاگرەکە گڕگرتنی یەکێک لە هێلەکە ژیانپارێزەکانی نێو بەلەمەکە بووە، کە لە ئەنجامی داگیرسانی چەرخێک یان پاشماوەی جگەرەیەکەوە بووە."
 
"هیچ کارێکی دووژمنکارانە نییە"
 
راگەیێندراوەکەی پاسەوانی نیشتمانیی تونس جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ کارێکی دوژمنکارانە یان هێرشێکی دەرەکی رووینەداوە."
 
ئەم رەتکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە "کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی" رایگەیاند، یەکێک لە بەلەمەکانیان شەوی دووشەممە "بە درۆن کراوەتە ئامانج" و بەو هۆیەوە ئاگر تێیدا کەوتووەتەوە.
 
کەشتیگەلەکە لە شاری بارسیلۆنای ئیسپانیاوە بۆ "شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل" لەسەر کەرتی غەززە بەڕێکەوتووە.
 
چالاکڤانە نێودەوڵەتییەکان لە پەیجی کەشتیگەکەلە لە ئینستاگرام رایگەیاند، بەلەمەکە لە نزیک بەندەری سیدی بوسەعید بووە کاتێک "بە درۆن کراوەتە ئامانج" و ئاگری گرتووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس دوای گەیشتنی بە بەندەرەکە رایگەیاند، چەندین بەلەمی بینیوە کە دەوری بەلەمە ئامانجکراوەکەیان داوە، بەڵام ئاگرەکە کوژێندرابووەوە.
 
کەشتیگەلەکە لە راگەیێندراوەکەیدا روونیکردووەتەوە، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا 6 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون و هەموویان سەلامەتن و تەندروستییان باشە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، بەلەمەکە زیانی ماددیی بەرکەوتووە و سەرکۆنەی "ئەو کارە دوژمنکارانەیەی کرد کە ئامانج لێی پەکخستنی ئەرکەکەیانە" بۆ "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی و کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی بەردەوامی گەلی فەلەستین" لە غەززە.
 
حوسامەدین جبابلی، گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانیی تونس راگەیاند: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی هێلەکە ژیانپارێزەکەوە کەوتووەتەوە."
 
"هیچ بنەمایەکی نییە"
 
پاسەوانی نیشتمانی لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو ئەو قسانەی باس لە فڕینی درۆن لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەکەن "هیچ بنەمایەکیان بۆ نییە."
 
پێشتر جبابلی بە فرانس پرێسی گوتبوو، بەلەمەکە لە دووری 50 میل لە بەندەری سیدی بوسەعید راگیرابوو.
 
درەنگی شەو، چالاکڤانی بەرازیلی، تیاگۆ ئاڤیلا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە گەواهیدانی ئەندامێکی دیکەی کەشتیگەلەکەی تێدابوو و جەختی لەوە دەکردەوە کە درۆنێکی بینیوە.
 
چالاکڤانەکە کە ناوی میگێلە، دەڵێت: "سەتا سەت درۆن بوو و بۆمبێکی هەڵدایە خوارەوە."
 
پێشبینی دەکرێت کەشتیگەلەکە لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوول بگاتە غەززە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا رێگری لە دوو هەوڵی چالاکڤانانی ئەم دەستپێشخەرییە کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری لە رێگەی دەریاوە بە کەرتی غەززە.
 
"کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی" لە ماڵپەڕەکەیدا، خۆی وەک رێکخراوێکی "سەربەخۆ" دەناسێنێت کە "سەر بە هیچ حکومەت و پارتێکی سیاسی نییە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە قاتی و برسێتیی راگەیاندووە و هۆشداریی داوە کە 500 هەزار کەس رووبەڕووی بارودۆخێکی "کارەساتبار" بوونەتەوە.
 
جەنگی کەرتی غەززە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، کە بەپێی داتای فەرمیی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی 1219 کەس کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل جەنگی راگەیاند و بەهۆی هێرشەکانییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 64 هەزار و 522 کەس کوژراون کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن، ئەمەش بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراویان دەزانێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا