پارێزەرانی بازرگانێکی سێکسیی منداڵان نامەیەک بڵاودەکەنەوە گوایە ترەمپ بۆی ناردووە

09-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێوبانگی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ژێر تارمایی و گومانی تۆمەتی پەیوەندییە سێکسییە بەدڕەوشتەکان. 
 
نامەیەکی پڕ لە ئاماژەی نهێنی و ناڕوون، کە وشەکانی وێنەی جەستەی کچێکی رووت پێکدێنن و لە خوارەوەیشی واژۆیێکی لەسەرە، دەگوترێت لە لایەن ترەمپەوە بۆ تاوانکارێکی بەدناوی ئەمریکا نێردراوە کە کچانی منداڵی بۆ دەوڵەمەند و نێودارەکان بردوون تاوەکو سێکسیان لەگەڵ بکەن. 
 
ئەمڕۆ پارێزەرانی جێفری ئێپستاین، سەرۆکی تۆڕێکی تاوانکار کە بازرگانیی سێکسیی بە منداڵانەوە دەکرد، نامەیەکیان بڵاوکردەوە گوایە ترەمپ بۆ تاوانکارەکەی ناردووە. 
 
ترەمپ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پەیوەندیی دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵ ئێپستاینەوە هەبووە، کە کاتی خۆی، تۆڕێکی پێکهێناوە بۆ ئەوەی کچانی منداڵ بۆ کەسایەتییە دەوڵەمەند و بەناوبانگەکان ببات تاوەکو دەستدرێژییان بکەنە سەر. 
 
ترەمپ بەردەوام نکوڵی لەوە کردووە هاوڕێیەتیی ئێپستاینی کردبێت یان نامەی بۆ ناردبێت، بەڵام ئەمجارە پارێزەرانی تاوانبارەکە خۆیان نامەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە واژۆیەکی لەسەرە گوایە هی ترەمپە. 

 

 
گوایە نامەکە بە بۆنەی پەنجایەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئێپستاینەوە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بۆی نێردراوە. 
 
پارێزەرانی ئێپستاین پەرتووکێکیان بە کۆنگرێسی ئەمریکا داوە کە هەموو ئەو نامانەی تێدایە کە بە بۆنەی پەنجایەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرمایەدارەکە بۆی نێردراون، لە نێویاندا ئەو نامەیەی گوایە ترەمپ بۆی ناردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، لیژنەیەکی کۆنگرێس پشتڕاستیکردەوە کە پەرتووکەکەیان پێگەیشتووە و نامەیەکی تێدایە کە واژۆی ترەمپی لەسەرە. 
 
رۆبەرت گارسیا، ئەندامی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس دەڵێت، ترەمپ "درۆی کردووە" کە گوتوویەتی نامەی لەو شێوەیەی نەنووسیوە و هەوڵدەدات راستییەکە بشارێتەوە. 
 
کۆنگرێسمانەکە داوا دەکات هەموو فایلەکانی ئێپستاین بهێنرێنە سەر بەڕڕە.  
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ مانگی تەممووزی ئەم ساڵ راپۆرتێکی لە بارەی پەرتووکەکە و نامەکە بڵاوکردبووەوە. لە نامەکەدا نووسینێک هەیە، شێوازی دابەشکردنی وشەکانی، وێنەی کچێکی رووت پێکدێنن و واژۆیەکی بە ناوی "دۆناڵد"ی لەسەرە. 
 
لە نامەکەدا، پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوون لە ئێپستاین دەکرێت و باس لە "نهێنییە زۆر جوانەکان" دەکات. 
 
ترەمپ دەڵێت، نامەکە ساختەیە و بە تۆمەتی ناوزڕاندن، سکاڵای لەسەر وۆڵ ستریت جۆرناڵ و رۆژنامەڤانەکانی تۆمارکردووە، بەڵام رۆژنامەکە پێداگری دەکات کە راپۆرتەکەی راست و دروستە. 
 
ئێپستاین لە تەممووزی 2019 بە تۆمەتی بەکارهێنانی منداڵان بۆ بازرگانیی سێکسی، دەستگیرکرا. داواکاران رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارە یارمەتیدەر بووە لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەیان کچی بچووکی خوار تەمەن 18 ساڵان لە نێوان ساڵانی 2002 و 2005. 
 
پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، لە ئابی 2019، ئێپستاین بە مردوویی لە زینداندا دۆزرایەوە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، تۆمەتبارەکە خۆی کوشتووە. بەڵام لەنێو ئەمریکا، گومانی زۆر لە کوشتنی دەکرێت و بەشێکی زۆری خەڵک و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکە، پێیانوایە، ئێپستاین بۆ پاراستنی ناوبانگی دەوڵەمەند و نێودارەکان، کوژراوە. 
 
بەشێکی رای گشتیی ئەمریکا و لەنێویاندا کەسایەتی کاریگەری وەک رۆژنامەڤانانی راستڕۆ، تەکەر کەرلسن و میگن کەیڵی، هەروەها ئاری بێن مێناش، ئەفسەری پێشووی مۆسادی ئیسرائیل، دەڵێن، ئێپستاین کاری بۆ هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە و هەوڵی داوە، ڤیدیۆ و وێنەی نائەخلاقیی سیاسەتڤانان و کاربەدەستانی ئەمریکا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی وەک کارتی گوشار لە دژیان بەکاربهێنرێن و ناچاربکرێن بە دڵی ئیسرائیل کار بکەن. 
 
حوزەیرانی ئەم ساڵ، کاتێک نێوانی ترەمپ و ئیلۆن مەسک تێکچوو، دووەمیان سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ناوی لەنێو لیستی ئەو کەسانەدایە کە ئێپستاین کچی منداڵی بۆ بردوون. 
 
مەسک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "کاتی ئەوەیە بۆمبە زۆر زەبەلاحەکە بتەقێتەوە: دۆناڵد ترەمپ لە فایلی ئێپستایندایە. کە ئەوە هۆکاری راستەقینەی ئاشکرا نەکردنی فایلەکانی ئێپستاینە."
 
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ساڵی 2024، بەڵێنیدا فایلکەکانی ئێپستاین و ناوی هەموو ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە مامەڵەی لەگەڵدا کردوون، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردە سەر، بەڵکو بەشێکی فایلەکانی بڵاوکردەوە کە بەهۆی "بابەتی هەستیاریی ئاسایشی نیشتمانی،" ناوی کەسەکانی تێدا شاردرابوونەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا