رووداو دیجیتاڵ
پێشبینیی کەناڵە خۆجێیەکانی نەرویج دەریدەخەن، پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوا، بە جیاوازییەکی کەم هەڵبژاردنەکان دەباتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمجارەی وڵاتەکە لە کاتێکدایە کە نەرویجییەکان لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و شەڕەکانی ئۆکراینا و غەززە نیگەرانن.
ئەگەر ئەنجامە فەرمییەکان پێشبینییە سەرەتاییەکان پشتڕاست بکەنەوە، یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی تەمەن 65 ساڵ، وەک سەرۆکی حکومەتێکی کەمینە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە کە بۆ تێپەڕاندنی یاسا گرنگەکانی وەک بودجەی گشتی، بە رادەیەکی زۆر پشت بە پارتە بچووکترەکان دەبەستێت.
بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەو پارتانە، پێدەچێت ستۆرە رووبەڕووی گفتوگۆی سەخت ببێتەوە لەبارەی ژمارەیەک پرسی وەک زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان، گەڕان بەدوای نەوت لە داهاتوودا و هەڵوەشاندنەوەی وەبەرهێنانی دوو تریلیۆن دۆلاریی نەرویج لەگەڵ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان.
پێشبینییەکان دەریدەخەن، بلۆکی چەپەکان کە لە پارتی کرێکارانی ستۆرە و چوار پارتی بچووکتر پێکدێت، 87 کورسی بەدەستدەهێنن، کە زیاترە لەو 85 کورسییەی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستە.
پارتە راستڕۆکان بە سەرۆکایەتیی پارتی پێشکەوتنی پۆپۆلیستی و دژە کۆچبەر و پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتیی ئێرنا سۆڵبێرگ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تەمەن 64 ساڵ، پێکەوە 82 کورسی بەدەستدەهێنن.
نیگەرانی دەنگدەران لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئۆکراینا و رووسیا، کە لە جەمسەری باکوور هاوسنوورە لەگەڵ نەرویج، لە چەند مانگی رابردوودا پاڵپشتییەکی بەهێزیان بە باڵی چەپ بەخشیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی پێشووی ناتۆ و تەمەن 66 ساڵ، بووە ئەندامی کابینەکەی ستۆرە.
هیچ کام لەو پارتە راستڕۆیانەی کە پێشبینیی بردنەوەی کورسییان لێدەکرێت، داوای پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ