رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەسەر دۆخی ئیسرائیل و بارودۆخی ناوچەکە بکەن.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، بەیانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر دۆخی ئیسرائیل و ناوچەکە دەکرێت.
بۆرێل گوتی: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە کە تێیدا بیر لە وەڵامەکان و هەنگاوی داهاتووی یەكێتیی ئەوروپا بکرێتەوە سەبارەت بەو دۆخەی کە لە ناوچەکەدا روودەدات".
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆلیڤەر ڤارهێلی، کۆمیسیاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، "قەبارەی تیرۆر و دڕندەیی دژی ئیسرائیل و خەڵکەکەی خاڵێکی وەچەرخانە. وەکو گەورەترین هاوکاریکاری فەلەستینییەکان، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەموو ئەو هاوکارییە داراییە کە بڕەکەی 691 ملیۆن یۆرۆ (728 ملیۆن دۆلارە) رادەگرێت".
ئەو کۆمیسیارەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەی یەكێتیی ئەوروپا مانای ئەوەیە کە هەموو "هاوکارییە داراییەکان دەستبەجێ دەوەستێندرێت"، هەروەها هەموو ئەو پڕۆژانەش کە بڕیاربوو لەم ساڵیشدا یەكێتییەکە لە فەلەستین جێبەجێیان بکات، دەوەستێندرێن.
لە شوباتی ئەم ساڵدا یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2022ـی یەکێتییەکە، 296 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارمەتیدانی فەلەستین دابین دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی پێ دابین بکات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بکات.
هەروەها، یەكێتییەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەنێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2024دا 1.1 ملیار یۆرۆ هاوکاری دارایی پێشکەش بە فەلەستین دەکەن.
ئەمڕۆ، دووشەممە، گوتەبێژێک بەناوی کۆمیسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند "یەكێتیی ئەوروپا، بە راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، هاوکاری دارایی پێشکەش بە حەماس و چالاکییەکانی هیچ گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی ناکات".
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 800 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ