لە بەلجیکا سێ کەس دەستگیرکران 'ویستبوویان بە درۆن سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە تیرۆر بکەن'

09-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دامودەزگەکانی بەلجیکا رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، سێ گەنجیان دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی پلانیان داناوە لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی "جیهادی" بکەنە سەر بەرپرسانی وڵاتەکە. باس لەوەش دەکرێت کە بارت دی ڤێڤەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، یەکێک بووە لەو سیاسەتڤانانەی لە نێو لیستی ئامانجەکانیاندا بووە.
 
ئان فرانسن، داواکاری گشتیی فیدراڵیی بەلجیکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تۆمەتبارەکان لە شاری ئەنتوێرپ لە باکووری وڵاتەکە دەستگیرکراون.
 
فرانسن گوتی: "هەندێک بەڵگە ئاماژە بەوە دەکەن، کە گومانلێکراوەکان ویستوویانە هێرشێکی تیرۆریستیی 'جیهادی' لە دژی کەسایەتییە سیاسییەکان ئەنجام بدەن."
 
هەروەها گوتیشی: "ئاماژەی واش هەن کە گومانلێکراوەکان هەوڵیانداوە درۆنێک دروستبکەن، کە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنی هەبێت."
 
نووسینگەی داواکاری گشتی رەتیکردەوە ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە گوایە تۆمەتبارەکان هەوڵیانداوە بیانکەنە ئامانج، بەڵام چەندین میدیا بڵاویانکردەوە، دی ڤێڤەر، کە پێشتر پارێزگاری ئەنتوێرپ بووە، یەکێک بووە لە ئامانجەکان.
 
تیۆ فرانکێن، وەزیری بەرگری، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "سەرۆکوەزیران بارت، هەموو پشتگیرییەکمان بۆ تۆ و خێزانەکەتە. سوپاس بۆ دەزگا ئەمنییەکان."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکان، پۆلیس پشکنینی بۆ ماڵێک کردووە کە تەنیا چەند سەد مەترێک لە ماڵی دی ڤێڤەر لە شارەکە دوورە.

 

فرانسن رایگەیاند: "لەکاتی پشکنینی ماڵی یەکێک لە گومانلێکراوەکاندا، بۆمبێکی دەستکرد دۆزرایەوە کە ئەگەری تەقینەوەی هەبووە، بەڵام هێشتا کارا نەبووە، لەگەڵ کیسەیەک ساچمەی کانزایی."
 
گوتیشی لە ماڵی گومانلێکراوی دووەمدا، پۆلیس پرینتەرێکی سێ رەهەندی دۆزیوەتەوە، کە "پێیانوایە بۆ دروستکردنی ئەو پێکهاتانە بووە کە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک بەکاردێن."
 
تۆمەتبارەکان لەدایکبووی ساڵانی 2001، 2002 و 2007ـن.
 
دووان لە گومانلێکراوەکان لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و بڕیارە رۆژی هەینی ببرێنە بەردەم دادوەری لێکۆڵەر.
گومانلێکراوی سێیەم ئازادکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا