ترەمپ: رۆژی یەکشەممە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێدەکەوم

09-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پلانی هەیە رۆژی یەکشەممە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، دوای سەرکەوتنی دانوستاندنەکان لەبارەی قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتیی غەززە، کە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لەخۆدەگرێت.

ترەمپ لە نووسینگەی هێلکەیی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بارمتەکان رۆژی دووشەممە یان سێشەممە دەگەڕێنەوە. من رەنگە لەوێ بم. هیوادارم لەوێ بم. ئێمە پلانی ئەوەمان هەیە رۆژی یەکشەممە بەڕێبکەوین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەم."

ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەموو لایەنەکان قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززەیان واژۆ کردووە و گوتیشی، ئازادکردنی دیلەکان لەلایەن حەماسەوە "کۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت."

ئەم رێککەوتنەی لە میسر کرا، لەسەر پلانێکی ئاشتیی 20 خاڵییە بۆ غەززە کە مانگی رابردوو لە لایەن ترەمپەوە راگەیێندرا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ جەنگ.

میسر ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمێک دەکات بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رێککەوتنەکەوە و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلیش بکات. هەروەها بیر لەوە دەکاتەوە بچێتە غەززەش.

سەڕەڕای ئاهەنگگێڕان لە ئیسرائیل و غەززە پەیامی پیرۆزبایی سەرکردەکانی جیهان، چەندین کێشەی چارەسەرنەکراو ماونەتەوە، وەک داواکاریی نێو پلانەکە بۆ چەککردنی حەماس و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر بۆ غەززە بە سەرۆکایەتیی خودی ترەمپ.

ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس، رایگەیاند کە بزووتنەوە ئیسلامییە فەڵەستینییەکە ئەو پێشنیازەی دووەمی رەتکردووەتەوە.

حەمدان بە میدیای قەتەریی گوت: "هیچ فەڵەستینییەک ئەمە قبووڵ ناکات. هەموو لایەنەکان، بە دەسەڵاتی فەڵەستینیشەوە، ئەمە رەتدەکەنەوە."

ترەمپ رایگەیاند، پرسی چەککردنی حەماس لە قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتیدا چارەسەر دەکرێت.

بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چەکداماڵین روودەدات،" گوتیشی هێزەکانی ئیسرائیلیش دەکشێنەوە. 

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رووبەڕووی دژایەتیی هاوپەیمانە راستڕەوە تووندڕەوەکانی دەبێتەوە.

ئیتامار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی راستڕەوی تووندڕەوی ئیسرائیل، گوتی دژی رێککەوتنەکە دەنگ دەدات و پلانی ئازادکردنی هەزاران دیلی فەڵەستینی لە بەرامبەر 47 بارمتە بە "نرخێکی زۆر قورس و بەرگەنەگیراو" ناوبرد.

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاربوو ئاگربەستەکە لە ماوەی 24 کاژێردا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەکە درەنگانی رۆژی پێنجشەممە کۆتایی هاتووە و بڕیارە دواتر کۆبوونەوەی تەواوی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردنی رێککەوتنەکە بکرێت، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبێت سوپا لە غەززە بکشێتەوە.

شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەت، پێشتر بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو: "رەشنووسی کۆتایی قۆناخی یەکەم ئەم بەیانییە لە میسر لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان واژۆ کرا."

گوتیشی: "هەموو بارمتەکانمان، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 72 کاژێر دواتر ئازاد دەکرێن، کە دەکاتە رۆژی دووشەممە."
جەدعودن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئازادکردنی بارمتەکان "دەبێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا