دوای هەوڵەکانی حکومەت، زۆنگاوێکی وشکبووی ئوستراڵیا دەژێتەوە

09-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕینی زیاتر لە 60 ساڵ و هەوڵەکانی حکومەت، زۆنگاوێکی وشککراوی ئوستراڵیا، جارێکی دیکە بووەوە زۆنگاوێکی گەورە و پڕ لە ژیان.
 
زۆنگاوەکە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە بە مەبەست وشک کرابوو، بۆئەوەی بکرێتە کێڵگەی کشتوکاڵ و بەشێکیشی بکرێتە دارستان.
 
سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو باران کەم باری، زۆنگاوی ماونت بێر لە باشووری ئوستراڵیا، پڕبووەتەوە لە ئاو.
 
دوای نزیکەی 10 ساڵ لە هەوڵی ژیاندنەوە، رووەکی خۆڕسک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی وەک بۆق و کیسەڵ زیادبوونەتەوە.
 
برایان هیوود، لە دامەزراوەی Nature Glenelg Trust دەڵێت، "بۆقەکان زۆر پێی دڵخۆشن. قیڕە قیڕیان ئەمڕۆ زۆر بەرزە و بۆ ماوەی چەند مانگی رابردووش هەروا بووە."
 
بارانبارینی ئەم دواییە و زیادبوونی ئاوی ژێر زەویی ناوچەکە، یارمەتیی پڕبوونەوەی زۆنگاوەکەی داوە.
 
توێژەران بەهیوان ئەو جۆرە زیندەوەرانەی دەگمەنن و مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە، وەک ئەو کیسەڵانەی لە ئاوی سازگاردا دەژین.
 
مایک تۆمپسۆن، توێژەری کیسەڵ دەڵێت، "ئەوان بە شێوەیەکی سرووشتی جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە. کاتی دەوێ، بەڵام ئەو کیسەڵانەی کە بە ناوچەکەدا دەگەڕێن، دواجار رێگەی خۆیان بۆ ئێرە دەدۆزنەوە."
 
هەروەها کۆمەڵگەی خۆجێیی ناوچەکەش پشتیوانی لە پڕۆژەکە دەکەن.
 
ئادی خۆبەخشێکە و دەڵێت: "پێشتر لێرە نەبووم، بەڵام داپیرە و باپیرەم کێڵگەیەکیان هەیە و هەمیشە لەوێ درەخت دەچێنین."
 
خۆبەخشانی تەمەن جیاجیا، پابەندن بە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی درێژخایەنی پڕۆژەکە.
 
هێلین باودن، خۆبەخشێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێویستمان بە شوێنی لەم شێوەیەیە، بە شێداری بمێنێتەوە، مێش و مێروو و باڵندەی تێدا بێت. من زۆر دڵخۆشم بە هەموو ئەمانە."
 
ژینگەپارێزان هیوادارن زۆنگاوی بێر ببێتە نموونەیەک بۆ ژیاندنەوەی زۆنگاوەکانی دیکە کە رووبەڕووی کێشەی ژینگەیی بوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا