رووداو دیجیتاڵ
چین بە داهێنانە ناوازەکانی، لە راکێشانی سەرنجی جیهان بەردەوامە.
کۆمپانیای XPengی چینی رۆبۆتێکی لەسەر شێوە مرۆڤ دروستکردووە، واتە رۆبۆتێکی مرۆڤ ئاسایە. لەبەر ئەوەی لە جووڵە و کارەکانیدا بەراورد بە رۆبۆتەکانی دیکە، زیاتر لە مرۆڤ دەچێت، بووەتەهۆی سەرسامبوونی وڵاتانی رۆژئاوا کە لەم بوارەدا رکابەرایەتیی چین دەکەن.
رۆبۆتەکە بە جووڵە مرۆڤ ئاساکانی، ئامادەبووانی ئەو شوێنانە سەرسام دەکات کە تێیاندا دادەنرێت.
بۆ ئەوەی ئامادەبووان بڕوا بکەن کە ئەمە رۆبۆتە و مرۆڤ نییە، بەرگی داپۆشەری قاچێکی رۆبۆتەکە لێکرایەوە بۆ ئەوەی ببینن کە لە ئاسن و کەرەستەی دیکەی رەق دروستکراوە.
ناوی رۆبۆتەکە، ئایرنە. بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە، لە کارگەی سەرەکیی کۆمپانیای XPeng لە پارێزگەی گوانگژۆ دەست بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بکرێ.
سەرەتا ئایرن لەبری ئەوەی لە کارگەکاندا کار بکات، لە شوێنەکانی وەک کۆمپانیا و فرۆشگاکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و ناساندنی بەرهەمەکان.
ئایرن چۆن کار دەکات؟
ئایرن سێ چیپی ژیریی دەستکردی تایبەتی تێدایە کە وای لێدەکات بتوانێت خۆی بڕیار بدات؛ هەروەها بڕبڕەی پشتی و ماسوولکەکانی وەک هی مرۆڤ وان و پێستێکی نەرمیشی هەیە.
بۆچی کۆمپانیای ئۆتۆمبێل رۆبۆت دروست دەکات؟
کۆمپانیای ئێکسپێنگ تەنیا ئۆتۆمبێل دروست ناکات، بەڵکو لە چەند ساڵی رابردوودا بە خێرایی چووەتە نێو بواری ژیریی دەستکرد و ئەو ئۆتۆمبێلانەی خۆکارن.
شرۆڤەکارێکی ئابووری دەڵێت: "ئەگەر وەبەرهێنەرێک یەک ملیار دۆلار لە ئێکسپێنگدا وەبەربهێنێت و ببینێت کە جگە لە ئۆتۆمبێل، توانای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی فڕیو و تەکسیی بێ شۆفێریشی هەیە، ئەوا چاوەڕوانییەکانی زۆر زیاتر دەبن."
پلانی دیکەی ئێکسپێنگ چین؟ رۆبۆ-تەکسی (تەکسیی بێ شۆفێر): کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە ساڵی 2026ـدا پرۆگرامی رۆبۆ-تەکسیی خۆی دەستپێبکات.
2. ئۆتۆمبێلی فڕیو: کۆمپانیاکە ئۆتۆمبێلێکی فڕیوی دروست کردووە کە دەتوانێ شەش سەرنشین هەڵبگرێ و 500 کیلۆمەتر بفڕێت.
کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە
هەرچەندە ئێکسپێنگ داهێنانی گەورە دەکات، بەڵام لە بازاڕێکی قەرەباڵخدا کار دەکات.
• تێسلا: ئێکسپێنگ دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ تێسلادا لێکچوونیان هەیە، بەڵام دەڵێت لە هەندێک بواردا وەک ئۆتۆمبێلی فڕیو و رۆبۆتی مرۆڤ ئاسا، پێش تێسلا کەوتوون.
• هواوی: شرۆڤەکارێک دەڵێت، ئێستا هواوی بەهێزترین کۆمپانیای تەکنەلۆجیایە لە بواری ژیریی دەستکرد لە چین، چونکە دەستی بە داتایەکی زۆر زۆر دەگات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ