یەکێک لە زاناکانی دۆزەرەوەی DNA کۆچی دوایی کرد

09-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جەیمس دی واتسن، یەکێک لەو زانایانەی کە شۆڕشێکی لە جیهانی زانست دا بەرپا کرد و بە هاوبەشی لەگەڵ دوو زانای دیکە شێوەی لوولپێچی دووانی DNA، دۆزییەوە لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
واتسن لە ساڵی 1953، کاتێک تەمەنی تەنیا 24 ساڵ بوو، لەگەڵ هاوکارەکانی دا توانیان نهێنیی پێکهاتەی ئەو گەردیلەیە ئاشکرا بکەن کە هەڵگری سەرجەم زانیارییە بۆ ماوەییەکانی مرۆڤ و زیندەوەرانە. بۆ ئەم دەستکەوتە مەزنە، واتسن لە ساڵی 1962 بە هاوبەشی لەگەڵ فرانسیس کریک و مۆریس ویلکینز خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشکی دا وەرگرت.
 
ئەم دۆزینەوەیە دەرگای بەڕووی زانستی بۆ ماوەییدا کردەوە، چونکە DNA بەرپرسە لە هەڵگرتنی سەرجەم زانیارییە بۆماوەییەکان. هەر بەهۆی ئەم دۆزینەوەیەوەیە کە ئەمڕۆ دەتوانرێت ناسنامەی ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە بێسەروشوێنن، یان تەرمەکانیان بەهۆی سووتان و شیبوونەوەوە نەناسراونەتەوە. لە کوردستاندا، ئەم زانستە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ناسینەوەی رووفاتی قوربانییانی ئەنفال و گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان.
 
واتسن لە کتێبە بەناوبانگەکەی دا بە ناونیشانی "لوولپێچی دووانی" (The Double Helix) کە لە ساڵی 1968دا بڵاوی کردەوە، بۆچوونی سەرسوڕهێنەری لەسەر زانایان و رێگاکانی سەرکەوتن خستبووەڕوو. تێیدا نووسیبووی: "ژمارەیەکی باش لە زانایان نەک تەنیا بیرتەسک و بێزارکەرن، بەڵکو گەمژەشن."
 
هەروەها ئامۆژگاریی بۆ سەرکەوتن لە زانست دا کردبوو و نوسیبووی: "دەبێت خۆت لە خەڵکی گەمژە بەدوور بگریت؛ هەرگیز شتێک مەکە کە بێزارت بکات؛ ئەگەر ناتوانیت لەگەڵ هاوتا راستەقینەکانتدا بیت (بە رکابەرە زانستییەکانیشەوە) لە زانست بڕۆ دەرەوە، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە، دەبێت زانایەک ئامادە بێت بکەوێتە کێشەی قووڵەوە."
 
یەکێک لە رووداوە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی ئەوەبوو کە زیاتر لە نیو سەدە دوای بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ، واتسن لە ساڵی 2014دا مەدالیا زێڕینەکەی خستە زیادکردنی ئاشکراوە و بە بڕی 4.7 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، کە ریکۆردێکی نوێی بۆ فرۆشتنی خەڵاتی نۆبڵ تۆمار کرد، بەڵام دواتر لەلایەن کڕیارەکەوە مەدالیاکەی بۆ گەڕێنرایەوە.
 
هەردوو هاوکارەکەی واتسن لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا، فرانسیس کریک و مۆریس ویلکینز، لە ساڵی 2004دا کۆچی دواییان کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە