رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا خانمە پارێزەرێکی بە رەچەڵەک عێراقی دەکاتە راوێژکاری سەرۆک.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (9-12-2024) بە کاتی ئەمریکا، ترەمپ رایگەیاند، "ئەلینا حەبە، وەک راوێژکاری سەرۆک، دەبێتە ئەندامی تیمی کۆشکی سپی."
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس نووسیویەتی "ئەلینا، داکۆکیکاری کۆڵنەدەری دادپەروەری و بەرگریکاری سەرسەختی سەروەری بووە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمساڵ و پرۆسەی وەرگرتنی دەسەڵاتدا، راوێژکارێکی قەدرگران بووە."
ئەلینای تەمەن 40 ساڵان، لە ویلایەتی نیوجێرزیی ئەمریکا لەدایکبووە، دایک و باوکی کرستیان و لە بنەڕەتدا خەڵکی عێراقن، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لە ترسی چەوساندنەوە، عێراقیان جێهشتووە و چوونەتە ئەمریکا.
خانمە پارێزەرەکە توانیویەتی چەند دۆسیەیەکی یاسایی بۆ ترەمپ بباتەوە.
لە دۆسیەی پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکاندا، ئەلینا ئەندامی تیمی پارێزەرانی ترەمپ بوو. بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، ئەلینا یەکێکە لە پارێزەرە هەرە دڵخوازەکانی ترەمپ.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا دەڵێت "ئەو لە دڵسۆزیدا نەگۆڕ و لە پێداگریدا بێهاوتا بووە، لەکاتی پشتیوانیکردم لە چەندین دادگەییکردن، شەڕ و رۆژی لەبن نەهاتوو لە دادگە."
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، "کەم کەس وەک ئەلینا لە بەکارهێنانی دادپەروەری وەک چەک، تێدەگەن." دەشڵێت "وەک نەوەی یەکەمی ئەمریکای خاوەن بنەچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بووەتە نموونەیەک بۆ ئەو ژنانەی لە یاسا و سیاسەتدا کاردەکەن. بەم دواییانەش وەک ژنی کلدانی ساڵ ناونرا."
ئەلینا بە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند "شانازیی ژیانمە خزمەتی 45ـەمین و 47ـەمین سەرۆکی خەڵکی ئەمریکا بکەم."
خانمە پارێزەرەکە، 25ـی ئاداری 1984 لەدایکبووە. باوکی ئەلینا پزیشکی نەشتەرگەری کۆئەندامی هەرسە و دکتۆر سەعد حەبەیە. بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، دکتۆر سەعد حەبە بۆ یەکەمین جار کۆنیشانەیەکی کۆئەندامی هەرسی دۆزیوەتەوە، بۆیە بە ناوی "کۆنیشانەی حەبە"ـەوە کراوە.
ئەلینا لە ساڵی 2005 لە زانکۆی لیهای لە ویلایەتی پەنسلڤانیا بەکەلۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکاندا بەدەستهێناوە. هەر لە پەنسلڤانیا ساڵی 2010، لە زانکۆی وایدنەر دکتۆرای لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە.
پەیوەندیی نێوان ترەمپ و ئەلینا بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک کە خانمە پارێزەرەکە لە سکاڵاکردن دژی هیلاری کلینتن، هەرەوەها لە تانەدان لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی نیویۆرک لە کاروباری ترەمپ و بەرگریکردن لێی لە دژی سکاڵایێکی دیکەی خوشکەزایێکی، رۆڵێکی بەرچاوی بینی.
وێڕای ئەوەی ترەمپ لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەو دۆسیانە، ژمارەیەک لە پارێزەرەکانی گۆڕی، ئەلینا حەبەی لە تیمەکەیدا هێشتەوە. میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئەلینا یەکێکە لە متمانەپێکراوترین پارێزەرەکان لای ترەمپ.
لە ساڵی 2019 ئەلینا بووەتە ئەندامی یانەیەکی گۆڵفی ترەمپ لە بێدمنیستەر لە ویلایەتی نیوجێرزی و لەو ساتەوە لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستی بەکارکردن کردووە.
هەروەها کۆمپانیایێکی هەیە کە لە پێنج پارێزەر پێکهاتووە و لە نیوجێرزی و مانهاتن نووسینگەی هەن و زیاتر لە بواری کەرتی خانووبەرەدا کاردەکەن.
ئەلینا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەن سێ منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ