وشکەساڵیی بەفر چییە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داتاکان و توێژینەوە زانستییە نوێیەکان وێنەیەکی جیهانیی نیگەرانکەر دەخەنەڕوو، کە تێیدا بەشێکی زۆری گۆی زەوی بەدەست کەمبوونەوەی بەرچاوی بەفر و گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بارینەوە دەناڵێنێت. ئەم دیاردەیە راستەوخۆ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدات، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی ئاو، هاوسەنگیی ئیکۆسیستمەکان و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
 
گۆڤاری نەیچەر (Nature)، لە شیکارییەکی بەرفراوانی جیهانیدا بۆ داپۆشینی بەفری شاخەکان لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2024، ئەوەی ئاشکرا کردووە، 44 ساڵی رابردوودا، ماوەی مانەوەی بەفر لەسەر لوتکەی شاخەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە تێکڕا نزیکەی 7.8% کەمیکردووە. ئەم کەمبوونەوەیە بە تایبەتی لە نیوەگۆی باکووری زەویدا بەرچاو بووە و هەڕەشە لەو ناوچانە دەکات کە پشتیان بە توانەوەی پلەبەپلەی بەفر بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بەستووە.
 
Nature، گۆڤارێکی زانستیی هەفتانەی بەریتانییە و بارەگاکەی لە لەندەنە. گۆڤارەکە توێژینەوە لەبارەی چەندین بواری زانستی و تەکنەلۆژیدا بڵاودەکاتەوە.
 
پەیمانگەی بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵیی فرەپسپۆڕی MDPI کە دامەزراوەیەکی گەورەی ئەکادیمیی سوسیرییە، لە رووپێوییەکی جیاوازدا کە ماوەی نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2023ی گرتووەتەوە، رایگەیاندووە، رووبەری داپۆشراو بە بەفری ساڵانە بە رێژەی 5.12% کەمبووەتەوە.
 
بەگوێرەی پەیمانگەکە کاریگەرییەکە لە هەموو ناوچەکان وەکو یەک نییە. بەپێی هەمان توێژینەوە، کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا زۆرترین زیانی داپۆشینی بەفریان بەرکەوتووە. لە کاتێکدا، ئەمریکای باشوور دابەزینێکی رێژەیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە نزیکەی 20.6%ی رووبەری داپۆشراو بە بەفری ساڵانەی لەدەستداوە، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر زنجیرەچیاکانی ئەندێز هەبووە.
 
پسپۆڕانی کەشوهەوا روونیانکردووەتەوە، کەمبوونەوەی داپۆشینی بەفر بەهۆی ئاراستەیەکی دوولایەنەوەیە. لە لایەک، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی توانەوەی خێراتری ئەو بەفرەی باریوە و ماوەی مانەوەی لەسەر زەوی کورت دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، زستانە گەرمترەکان واتای ئەوەیە رێژەیەکی کەمتر لە بارین لە شێوەی بەفردا دەبێت و لەبری ئەوە زیاتر وەکو باران دەبارێت، بەتایبەتی لە بەرزاییە نزمترەکاندا.
 
کەمبوونەوەی بەفربارین
 
پەیمانگەی ژینگەزانی و جوگرافیای سێنجیانگ (EGI CAS)، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2025 بڵاوکرایەوە، هۆشداریی داوە، توێژینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە زیادبوونێکی مەترسیداری دیاردەی "وشکەساڵیی بەفر" دەکەن.
 
ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ ئەو وەرز یان ساڵانەی کە تێیاندا رێژەی بەفری کەڵەکەبوو زۆر لە ئاستی ئاسایی کەمترە، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی بەردەست لە وەرزی بەهار و هاویندا.
 
پەیمانگەکە مەزەندەی کردووە، تاوەکو کۆتایی سەدەی 21، ئەگەری روودانی وشکەساڵیی بەفر سێ بۆ چوار هێندە زیاد دەکات بە بەراورد بە ئاستەکانی کۆتایی سەدەی 20.
 
EGI ، پێشبینی کردووە کە "وشکەساڵیی بەفری گەرم"، کە تێیدا باران جێگەی بەفر دەگرێتەوە یان بەفرەکە زۆر زووتر لە وادەی خۆی دەتوێتەوە، دەبێتە دیاردە. 
 
نەیچەر، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئاراستەیە پێشوەختە لە چەندین ناوچەی جیهان تێبینی کراوە. بۆ نموونە، کەمبوونەوەی بەفری کەڵەکەبوو و کەمیی بەفربارین لە ساڵانی رابردوودا، زیانێکی زۆری بە بەستەڵەکەکان و دابینکردنی ئاوی شیرین لە چیاکانی پامیری ئاسیای ناوەڕاست گەیاندووە.
 
شێوازی بارانبارین دەگۆڕێت 
 
گۆڕانکارییەکە تەنیا ئەوە نییە کە لە هەموو شوێنێک باران جێگەی بەفر بگرێتەوە، بەڵکو ئاڵۆزترە. بەدواداچوونەکان و مۆدێلەکان کاریگەریی جۆراوجۆر نیشان دەدەن کە پشت بە ناوچە، بەرزایی و وەرز دەبەستێت.
 
گۆڤاری نەیچەر جەختی لەوە کردووەتەوە، لە زۆر لە ناوچە شاخاوییەکاندا، ئەو بەفرە کەڵەکەبووەی کە پێشتر وەکو کۆگایەکی سرووشتیی ئاو هەژمار دەکرا، ئێستا تەنک دەبێتەوە یان بە تەواوی نامێنێت. 
 
پسپۆڕانی هۆشداری دەدەن، شێوازی گشتیی بارانبارین لەسەر ئاستی جیهان ناجێگیرتر و تووندتر دەبێت. ئەمەش بەهۆی تێکچوونی سووڕەکانی بەرگەهەوا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەیە، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی وەرزەکان، روودانی بارانبارینی بەخوڕتر و بەدوایدا هاتنی ماوەی وشکیی درێژتر، کە ئاڵنگاریی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دروست دەکات.
 
کاریگەرییەکان لەسەر دابینکردنی ئاو
 
کەمبوونەوەی رووپۆشی بەفر و زیادبوونی دیاردەی "وشکەساڵیی بەفر"، کە بە مانای کەڵەکەبوونی بەفرێکی کەمتر لە ئاسایی دێت، دەرەنجامی بەرفراوان و کاریگەریی قووڵیان لەسەر چەندین کەرتی جیاواز هەیە.
 
زۆر لە زنجیرە چیا سەرەکییەکانی جیهان، لەوانە هیمالایا، ئەندێز و ئەلپ، وەکو "تاوەری ئاوی" سرووشتی کاردەکەن. ئەم چیایانە لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆر کۆدەکەنەوە و پاشان لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا بە شێوەیەکی پلەبەندی دەیگوازنەوە، کە ئەمەش سەرچاوەیەکی جێگیری ئاو بۆ ناوچەکانی خوارەوە دابین دەکات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بەفر و توانەوەی پێشوەختەی، ئەو رووبارانەی کە پشتیان بەم سەرچاوەیە بەستووە، رووبەڕووی ناجێگیری دەبنەوە. ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، ئاوی خواردنەوەی شارەکان و سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی دادەنێت.
 
ئەو ناوچانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە توانەوەی بەفر دەبەستن بۆ دابینکردنی ئاو، ئێستا رووبەڕووی مەترسییەکی دوولایەنە بوونەتەوە: لە لایەک مەترسیی کەمیی ئاو و وشکەساڵی لە وەرزە گەرمەکاندا، و لە لایەکی دیکەشەوە مەترسیی لافاو، بەتایبەتی ئەگەر توانەوەی خێرای بەفر هاوکات بێت لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ.
 
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن و دەڵێن، سووڕە وەرزییەکانی ژیانی رووەک و ئاژەڵان تێکچووە و ژینگەکانیان بە خێرایی دەگۆڕێن. بۆ نموونە، هەندێک جۆری زیندووەر کە پشت بە بەفر دەبەستن، لەوانەیە شوێنی ژینگەیی سرووشتیی خۆیان لەدەستبدەن و بەرەو لەناوچوون بڕۆن.
 
بۆ کۆمەڵگە مرۆییەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگەیانەی لە ناوچە شاخاوییەکان یان نیمچە وشکەکاندا دەژین، کەمبوونەوەی بەفر هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک، کشتوکاڵ و بژێویی ژیانی نەریتی. لە هەندێک ناوچەی جیهان، ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، زیادبوونی کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە ئاوییە سنووردارەکان و دروستبوونی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ژووری کابینەی حکومەتەکەی قسە دەکات. وێنە: AFP

ترەمپ یاسایەکی نیشتمانی بۆ ژیریی دەستکرد دەردەکات

سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی دەربکات بۆ ئەوەی لە هەموو ئەمریکا بۆ پرسی پەیوەندیدار بە ژیریی دەستکرد و کۆمپانیاکانی ئەو بوارە کاری پێبکریت. دەشڵێت، ئەمە بۆ یەکخستنی یاسای بەکارهێنان و وەبەرهێنانی ژیریی دەستکردە نەک هەر ویلایەتە و یاسای تایبەت بە خۆی هەبێت.