ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەکە لە کۆشکی مار ئا لاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە نە ئیدارەی ترەمپ و نە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تائێستا شوێنی کۆبوونەوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی ئەمریکا گوشار بخاتە سەر نەتەنیاهوو، بۆئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە پێشبخات. هەروەها پلانی هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر حیزبوڵڵا لە لوبنان رابگرێت و سازش لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە سووریا بکات، تاوەکو سووریا و ئیسرائیل بگەنە رێککەوتنێکی ئەمنی.
 
بەڵام میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، سەرکردە راستڕۆ تووندڕۆکانی نێو حکومەتی ئیسرائیل داوایان لە نەتەنیاهوو کردووە ملکەچی هیچ کام لە داواکارییەکانی ئەمریکا نەبێت.
 
میدیای ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی ترەمپە بۆ ئاگربەستی غەززە، کە داوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لەو کەرتە دەکات، لەگەڵ چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کاتیی غەززە.
 
وەستانی پێشکەوتنەکان لە ئاگربەستی غەززە
 
دانوستانەکان لەسەر جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانەکە بەشێکی بەهۆی ئەوەوە وەستاوە کە ئیسرائیل دەڵێت، حەماس تاوەکو ئێستا پابەندبوونەکانی جێبەجێ نەکردووە بەوەی تەرمی کۆتا بارمتەی ئیسرائیلی رادەست نەکردووەتەوە.
 
هەروەها ئیسرائیل بەشداریکردنی دەسەڵاتی فەلەستینی لە رامەڵڵا لە حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە رەتدەکاتەوە، بەتایبەتییش بەشداریکردنی لە پێکهێنانی هێزێکی ئاسایشی نێوخۆ لە دەروازەی رەفەح لەسەر سنووری میسر.
 
هاوکات، حەماس دژی ئەو مەرجەی قۆناخی دووەمە کە داوای چەکداماڵینی لێ دەکات.
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەستی غەززە گوتی، "قۆناخی دووەم بەمزووانە دەستپێدەکات،" لە کاتێکدا نەتەنیاهوو بەڵێنی داوە چەک لەدەستی حەماسدا نەهێڵێت "جا ئەوە بە رێگەی ئاسان یان سەخت بێت."
 
وەک ئاماژەیەکی دیکە بۆ دروستبوونی درز لەنێوان سەرکردایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەست، نەتەنیاهوو گومانی خستە سەر تواناکان و دەسەڵاتی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی،" کە هێشتا دەستنیشان نەکراوە و لە پلانی ترەمپدا هاتووە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەدا بە باڵیۆزانی ئیسرائیلی گوت، "دەزانین هەندێک ئەرک هەن هێزەکە دەتوانێت ئەنجامیان بدات، بەڵام ناتوانن هەموو شتێک بکەن، رەنگە نەتوانن ئەرکە سەرەکییەکەش ئەنجام بدەن."
 
هاوکات، ترەمپ لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 1ی کانوونی یەکەم لەگەڵ نەتەنیاهوو، بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد تاوەکو سەردانی واشنتن بکات. پەیوەندییەکە دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە پۆستێکدا لە سۆشیال ترووس، ئیسرائیلی کردە ئامانج و هۆشداریی دایە حکومەتی نەتەنیاهوو کە کۆتایی بە دەستتێوەردانەکانی لە نێوخۆی سووریا بهێنێت.
 
هۆشدارییەکە دوای ئەوە هات، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە باشووری سووریا کرد، دوو ئەندامی گرووپی "جەماعەی ئیسلامی"ی لوبنانی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 13 سووریایی.
 
لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە، نووسینگەی نەتەنیاهوو رایانگەیاند، "هەردوو سەرکردە لە پەیوەندییەکەدا جەختیان لە گرنگی و پابەندبوون بە چەکداماڵینی حەماس و پاککردنەوەی کەرتی غەززە لە چەک کردەوە، گفتوگۆیان لەسەر فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئاشتی کردووە."
 
هاوکات، رۆژی یەکشەممە میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دەیڤد بەرنیا، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، ناسراو بە مۆساد؛ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و "بەرپرسێکی باڵای قەتەری" لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و قەتەر دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە پێنجوێن. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

وشکەساڵیی بەفر چییە؟

داتاکان و توێژینەوە زانستییە نوێیەکان وێنەیەکی جیهانیی نیگەرانکەر دەخەنەڕوو، کە تێیدا بەشێکی زۆری گۆی زەوی بەدەست کەمبوونەوەی بەرچاوی بەفر و گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بارینەوە دەناڵێنێت. ئەم دیاردەیە راستەوخۆ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدات، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی ئاو، هاوسەنگیی ئیکۆسیستمەکان و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.