رووداو دیجیتاڵ
ئالینا حەبە، پارێزەرە عێراقییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە دواتر ترەمپ وەکو داواکاری گشتیی فیدراڵی لە ویلایەتی نیوجێرسی دایمەزراند، رایگەیاند، دەست لە پۆستەکەی دەکشێنێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری دا پرۆسەی دامەزراندنەکەی نایاسایی بووە و ناوبراوی لە سەرپەرشتیکردنی دۆسیەکانی ئەو ویلایەتە دوورخستەوە.
رۆژی دووشەممە، حەبە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بڕیاری داوە دەست لە پۆستی داواکاری گشتیی ئەمریکا بە وەکالەت لە ویلایەتی نیوجێرسی بکشێنێتەوە، ئەمەش هەر وەکو خۆی نووسیویەتی، "بۆ پاراستنی سەقامگیری و شکۆی نووسینگەی داواکاری گشتیی نیوجێرسی بووە،" کە بۆ ماوەی چەندین مانگ بەهۆی ئەو ئاستەنگە یاساییانەی لەسەر دامەزراندنەکەی دروست ببوون، نووسینگەکە رووبەڕووی دۆخێکی ناسەقامگیری بووەوە.
حەبە لە درێژەی پۆستەکەدا دەڵێت، "بەڵام وا تێمەگەن کە ملکەچبوون بۆ یاسا، مانای خۆبەدەستەوەدانە."
حەبە ئاماژەشی بەوە دا، بڕیارە پۆستێکی نوێ وەرگرێت و پۆستە نوێیەکەشی دەبێتە راوێژکاری باڵای پام بۆندی، وەزیری دادی ئەمریکا و سەرنجی کارەکەشی هەڵسەنگاندنی رۆڵی داواکارە گشتییەکانە لە سەرانسەر ئەمریکا.
وەزارەتی داد سێ پارێزەری دیکەی دیاریکردووە بۆئەوەی بە هاوبەشی سەرپەرشتیی نووسینگەی داواکاری گشتی لە نیوجێرسی بکەن.
هەفتەی رابردوو، لیژنەیەکی سێ دادوەریی سەر بە دادگای تێهەڵچوونەوەی بازنەی سێیەمی ئەمریکا لە شاری فیلادێلفیا بڕیاری دا، ئیدارەی ترەمپ بە دانانی حەبە وەکو داواکاری گشتی، یاسای دامەزراندنی فیدراڵیی پێشێل کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دادوەرانی دادگەی فیدراڵیی ویلایەتی نیوجێرسی رەتیانکردەوە ماوەی 120 رۆژەی دامەزراندنە کاتییەکەی حەبە درێژ بکەنەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا هێشتا تانەی لە بڕیارەکە نەداوە، بەڵام وەزیری داد رۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پلانی هەیە "داوای پێداچوونەوەی زیاتر بۆ بڕیارەکە بکات، ئەگەر بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە، حەبە دەگەڕێنێتەوە بۆ پۆستەکەی."
بەگوێرەی یاسای فیدراڵیی ئەمریکا، وەزارەتەکە دەتوانێت داوا لە دادگەی باڵای ئەمریکا یان تەواوی ئەندامانی دادگای بازنەی سێیەم بکات کە دەستتێوەردان بکەن.
بڕیارەکە نوێترین گورز بوو بۆ هەوڵەکانی وەزارەتی داد بۆ دانانی کەسە نزیکەکانی ترەمپ لە نووسینگە سەرەکییەکانی داواکاری گشتیی بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری پەسندکردنی داواکارە گشتییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.
لەدوای بڕیارەکە هەریەک لە حەبە و بۆندی رەخنەیان لە دادوەرانی فیدراڵیی نیوجێرسی گرت، بەهۆی رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی حەبە و راگرتنی دۆسیە تاوانکارییەکان دوای ئەوەی دادگەکان حەبەیان لە سەرپەرشتیکردنی ئەو دۆسیانە دوورخستەوە.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، حەبە شانازیی بەوەوە کرد کە رۆڵی هەبووە لە کەمبوونەوەی رێژەی تاوانەکان لە شارە گەورەکانی ویلایەتی نیوجێرسی و دادگەکانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی بوونەتە "چەکێک بەدەست چەپە سیاسییەکانەوە."
یاسای فیدراڵی رێگە بە دادگە فیدراڵییەکان دەدات جێگرەوەیەک دەستنیشان بکەن، ئەگەر داواکاری گشتیی کاتی دوای 120 رۆژ لە پۆستەکەیدا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند نەکرێت، کە ئەمەش لە دۆسیەکەی حەبەدا روویدا.
ئەو لیژنە سێ دادوەرییەی کە دامەزراندنەکەی حەبەی بە نایاسایی دانا، پێکهاتبوو لە دوو دادوەر کە لەلایەن جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و یەکێکیش کە لەلایەن باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەربژێر کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ