رووداو دیجیتاڵ
کاڕڵ بەشبی، گەشتیار و گەڕیدەیەکی خەڵکی بەریتانیایە. ساڵی 1998 بە پێ دەستی بە گەشتێک کرد لە چیلییەوە بۆ بەریتانیا. بە گوتەی خۆی، ئێستا لە هەنگاریایە و دەیەوێت بەپێ بچێتەوە وڵاتەکەی.
کاڕڵ بەشبی بە رووداوی راگەیاند، "گەشتەکەم لە پونتا ئەریناس کە کەوتووەتە ئەمریکای لاتینەوە لە باشووری چیلی دەستیپێکرد لە 1ی تشرینی دووەمی 1998. بیرۆکەکە ئەوە بوو کە لە دوورترین خاڵی وشکانی ئەمریکای لاتین لە ماڵەکەمەوە لە بەریتانیا، بچمەوە بەریتانیا". دەشڵێت، بۆ ئەمە یاسایەکی هەبووە کە "بەبێ بەکارهێنانی هیچ هۆیەکی گواستنەوە لەوانە بەلەم، ئۆتۆمبێل، فرۆکە و کەشتی بێت".
ئەو لەبارەی رێگەی گەشتەکەی گوتی، سەرەتا لە چیلییەوە چووەتە ئەرژەنتین و پاشان باکووری چیلی.
بەشنی لە ماوەی ئەو 27 ساڵەدا بە وڵاتانی پیرۆ، ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا، پەنەما، کۆستاریکا، نیکاراگوا، هیندۆراس، سیلڤادۆر، گواتیمالا، مەکسیک، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکا (ئالاسکا)، رووسیا، مۆنگۆلیا، چین، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کازاخستان، ئازەربایجان، جۆرجیا، تورکیا، بولگاریا و رۆمانیا تێپەڕیوە، ئێستاش لە هەنگاریایە.
بەشبی ئاماژەی بەو ئاڵنگارییە دا لەسەر رێگەی گەشتەکەی تووشی بووە و گوتی: "یەکەم کەس بووم لە ئالاسکاوە بەپێ بپەڕمەوە بۆ سیبیریا لە رووسیا و لەوێ 57 رۆژ لە زیندان بووم. هەروەها پەڕینەوە لە دەریای قەزووین زۆر قورس بوو، چونکە پێویست بوو بە مەلە بیبڕم. سەرەتا پلانم نەبوو ئەمە بکەم، بەڵام هیچ بژاردەیەکم نەمابوو، چونکە نەمدەتوانی بچمە ئێران و بگەڕێمەوە رووسیا. بەو هۆیەوە دەبوو بە مەلە بچمە ئازەربایجان. کەسێکی مەلەوان نیم و زۆر قورس بوو بۆم".
ئەو گەشتیارە بەریتانییە ئاماژەی بەوەدا، ئەو کاتەی لە نێو دەریای قەزویندا بووە، هێزی دەریایی ئازەربایجان زۆر هاوکاریان کردووە و دەڵێت "رۆژانە 10 کیلۆمەتر بە مەلە دەڕۆشتم، دواتر لەسەر بەلەمێکی وەستاوی ئەوان پشووم دەدا، بە 31 رۆژ دەریاکەم بڕی".
بەشبی دەڵێت، سەرەتا لەسەر گیرفانی خۆی دەستی بە گەشتەکەی کرد، چەند ساڵێک دواتر ژمارەیەک سپۆنسەری بۆ پەیدا بوو، بەڵام زۆرینەیانی بەهۆی قەیرانی دارایی جیهان لە 2008 و کۆرۆنا لەدەستدا.
کارل بەشبی 30ی ئاداری ساڵی 1969یە لە یۆرکشایەری بەریتانیا لە دایکبووە. ئامانجیەتی بگاتەوە ماڵەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەگاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ