رووداو دیجیتاڵ
ریم رادۆڤان، ئەندامی پەرلەمانی فیدڕالیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و پێکهاتەکانی دیکەی حەلەب دەکات: "پاراستنی سڤیلەکان و پێکهاتەکان شتێک نییە سازشی لەسەر بکرێت."
ریم رادۆڤان، پەرلەمانتاری بە رەچەلەک کلدانیی عێراقی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەژێر هاشتاگی (#Aleppo) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و هێرشەکان بە "قبووڵنەکراو" ناو دەبات. خانمە پەرلەمانتارەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات داوا لە بەرپرسانی دیمەشق دەکات "دەستبەجێ" کۆتایی بەو تووندوتیژییە بهێنن و مافی سەرجەم پێکهاتەکان مسۆگەر بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی: "پاراستنی سڤیلەکان و پێکهاتەکان شتێک نییە سازشی لەسەر بکرێت. ئەوانەی لە دیمەشق بەرپرسیارن، ئەرکیانە دەستبەجێ کۆتایی بەم توندوتیژییە بهێنن."
رێم رادۆڤان جەخت دەکاتەوە سەقامگیریی بەردەوام لە سووریا تەنیا لە رێگەی کۆتاییهێنان بە شەڕ، پاراستنی پێکهاتەکان و چارەسەری سیاسییەوە لە رێگەی گفتوگۆوە سەر دەگرێت و دەشڵێت: "دەبێت هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە ئازادی و بێ ترس لە چەوساندنەوە بژین."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان، بۆ ماوەی پێنج رۆژە هێرشی سوپای عەرەبیی سووری بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەردوو لا، نزیکەی 30 کەس کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، نزیکەی 150 هەزار کەس ئاوارە بوون.
حکومەتی سووریا بانگەشەی پێشڕەوی لە شێخ مەقسوود و خۆبەدەستەوەدانی ژمارەیەک ئەندامی ئاسایشی خۆسەر دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن رێڕۆی چوونە دەرەوە بۆ چەکدارانی هەسەدە بەرەو ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەنەوە. لە بەرامبەردا، ئەنجوومەنە کوردییەکان و هەسەدە مەرجەکانی حکومەتیان رەتکردووەتەوە و بە "بانگەواز بۆ خۆبەدەستەوەدان" ناویان بردووە و بەڵێنی بەرگریکردنیان داوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە و داوای پاراستنی سڤیلەکان دەکەن.
ریم عەبەلی رادۆڤان کێیە؟
ریم عەبەلی رادۆڤان لە ساڵی 1990 لە مۆسکۆ لە دایک و باوکێکی کلدانیی عێراقی لەدایکبووە و ساڵی 1996 لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر روویان لە ئەڵمانیا کردووە. باوکی ریم پێشمەرگەی کوردستان بووە و باپیریشی کەسایەتییەکی کارای ئۆپۆزسیۆنی دژی دەسەڵاتەکانی پێشووی عێراق بووە.
ریم سەر بە پارتى سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD)ـە و لە ساڵی 2021ـەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. خانمەکە پێشتر پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچ، پەنابەران و ئاوێتەکردنەوەی لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەبووە؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە مێژووی حکومەتی ئەڵمانیا کە "پێشینەی پەنابەری" هەبێت و پۆستێکی باڵای لەو شێوەیە وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ