رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی هاوبەشی چەند پەیمانگەیەکی دانیمارکی، لە 20 ساڵی رابردوودا چوار ترلیۆن و 700 ملیار تۆن سەهۆڵی گرینلاند تواوەتەوە، ئەوەش وایکردووە ئاستی ئاوی دەریا 1.2 سانتیمەتر بەرز ببێتەوە.
لە رۆژهەڵاتی ئەفریقاش بەگوێرەی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، گۆڕانی کەشوهەوا 13 ملیۆن کەسی تووشی وشکەساڵی و برسێتی کردووە.
محەممەد ئادەم، هاووڵاتیی ئەسیوپیا دەڵێت، "لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ باران نەباریوە. پێشتر هەرگیز ئەم وشکەساڵییەمان نەبینیبوو. ئێستا تەنیا گەردەلوولی خۆڵ دەبینین. دەترسین هەر وەکو بیابان دامانپۆشێت و ببێتە گۆڕ بۆمان".
رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاماژەی بەوەش کردووە، خەڵکی وڵاتەکانی ئەسیوپیا، سۆماڵ و کینیا رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی دەبنەوە کە لە ساڵی 1981ـەوە وێنەی نەبووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە ئەسیوپیا و سەرووی حەوت ملیۆنی دیکە لە سۆماڵ، پێویستیان بە یارمەتیی بەپەلەیە.
شۆن هوگز، راوێژکاری باڵای بەشی فریاگوزارییە هەرێمییەکان لە رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی رایگەیاندووە، "دەبینین ئەم وەرزە وشکەساڵییە یەک لەدوای یەکانە، زۆر سەختن بۆ خەڵکی ناوچەکە، هەربۆیە رێکخراوەکەمان داوای دابینکردنی بەپەلەی 327 ملیۆن دۆلار دەکات بۆئەوەی یارمەتی بگەیێنینە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس لەو ناوچانەی کە خراپترین کاریگەرییان لەسەر هەبووە، بۆئەوەی خۆراک، چارەسەر و پێداویستیی رێگەگرتن لە بەدخۆراکییان بۆ دابین بکەین کە لەو ناوچەیە لە زیادبووندایە".
دەردانی گازە گەرمکەرەکان بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی لە ئەنجامی بەکاربردنی سووتەمەنییە کاربۆنییەکان بە هۆکاری سەرەکیی قەتیسبوونی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی نیشتمانیی زەریا و بەرگەهەوای ئەمریکا، چڕبوونەوەی گازی میسان لەنێو بەرگەهەوای گۆی زەویدا سێ هێندەی پێش قۆناخی پیشەسازی زیادیکردووە، کە ئەو گازە 20 هێندەی دوانۆکسیدی کاربۆن مەترسیدارترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ