رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی داواکاری شاهانەی بەریتانیا کاتی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەکی بەریتانی لەلایەن پەناخوازێکی کوردەوە بڵاودەکاتەوە کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بەهۆیەوە بە شەش ساڵ بەندکردن سزادراوە.
رێباز محەممەد، تەمەن 28 ساڵ، ئەو گەنجە کوردەیە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی لە بەردەم دادوەری دادگەی ساوسانمپتۆن کراوندا دانی بە تاوانەکەیدا نا و گوتی: "هیچ پارە و کارێک"ـی لە بەریتانیا نەبووە و ویستوویەتی لەو رێگەیەوە دیپۆرتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت کە رێباز محەممەد لەسەر شەقامێک لەگەڵ کەسێک وەستاوە و قسە دەکات، دواتر لە پڕێکدا چەقۆیەک دەردێنێت و کەسەکە دەداتە بەر چەقۆ. هەر کە ئەو کەسە چەقۆکەی بەردەکەوێت، رادەکات، بەڵام رێباز محمەممەدیش بەدوایدا رادەکات و دواتر لە چاوی کامێرای چاودێری لادەکەون.
ئەو کەسەی کە پەلاماردراوە، قوتابییەکی زانکۆی سۆلێنتە بە ناوی ئێلیس ویلەر و لە پارکی هۆگلاندزی ساوسامپتۆن لەلایەن پەناخوازە کوردەکەوە هێرشیکراوەتە سەری.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، رێباز لە هۆتێلێکی ناوچەی دۆرسێتی باشووری رۆژئاوای ئینگلاند ژیاوە.
ریچارد تەت، پارێزەری رێباز پێشتر بە دادگەی گوتبوو کە پەناخوازە کوردەکە لە رێگەی بەلەمێکەوە چووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام "دواتر ویستوویەتی دیپۆرتبکرێتەوە و پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشێک هەبووە کە جدی بێت."
دادوەر براین فۆرستەر کە سزاکەی بەسەر رێبازدا سەپاندووە، پێشتر گوتی، بۆی هەبوو قوربانییەکە لەکاتی هێرشەکەدا گیانی لەدەستبدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ