لە دەریای باکوور دوو کەشتی پێکیاندادا و 32 کەس برینداربوون

10-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دەریای باکوور کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت و کەشتییەکی بارهەڵگر خۆیان بەیەکدا کێشا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە. لە رووداوەکە تاوەکو ئێستا برینداربوونی 32 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
 
دەریای باکوور دەکەوێتە نێوان هەریەک لە بەریتانیا، دانیمارک، نەرویج، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا و فەرەنسا. لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەڕژێتە نێو زەریای ئەتڵانتیک لە باشوور و دەریای نەرویجی لە باکوور.
 
مارتن بۆیەرز، بەڕێوەبەری بەندەری گریمزبی لە بەریتانیا رایگەیاند، بە سێ کەشتیی فریاگوزاری، هەموو بریندارەکانیان بۆ بەندرەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستووەتەوە. "ژمارەیەک ئەمبوڵانسیش بۆ وەرگرتنیان ریزیان بەستبوو."
 
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە لەلایەن پاسەوانی کەناراویی بەریتانیاوە رێکخرا. گوتەبێژێکی بەریتانیا رایگەیاند، کار بۆ خاوێنکردنەوەی پاشماوە و پیسبوونی ئاوەکە دەکەن.
 
میدیای بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لەسەر هەردوو کەشتییەکە کەوتەوە، کە یەکێکیان ئەڵمانی و ئەوی دیکەیان سوێدی بوو.
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی رایگەیاند، سەرنجی هەنووکەیی لەسەر کوژاندنەوەی ئاگر، گەڕان و رزگارکردنە.
 
هێیدی ئەلیکساندەر، وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاند، نیگەرانی بیستنی هەواڵی پێکدادانی دوو کەشتییەکەی دەریای باکوورە.
 
ئەلیکساندەر سوپاسی هەموو دەزگە و تیمە فریاگوزارییەکانی کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنە بەشداربوون.
 
رووداوەکە لە نزیک شاری (هەڵ) لە رۆژهەڵاتی بەریتانیا روویدا. لە ئۆپەراسیۆنەکە هێلیکۆپتەرێکی پاسەوانی کەناری، فڕۆکەیەک، بەلەمی فریاگوزاریی چوار شارۆچکە و چەند کەشتییەکی نزیک رووداوەکە بەشداربوون.
 
کۆمپانیای (ستێنا بەڵک)ـی سوێدی پشتڕاستیکردەوە کەشتییە نەوتییەکە سەر بە ئەوانە و لەلایەن کۆمپانیای (کراولی)ـی ئەمریکییەوە بەکاردەخرێت.
 
میدیای بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکە ناوی (ستێنا ئیماکیولەیت)ـە و لە یۆنانەوە بەرهەمی نەوتیی هەڵگرتبوو.
 
کەشتییە بارهەڵگرەکەی دیکە ئاڵای پۆرتوگالی لەسەر بووە و ناوی "سۆلۆنگ"ـە، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای (ریدەری کۆیپینگ)ـی ئەڵمانییەوە خاوەندارێتی دەکرا.
 
دەریای باکوور یەکێکە لەو رێڕەوە ئاوییانەی پێکدادانی زۆر کەم بەخۆیەوە دەبینێت.
 
لە تشرینی یەکەمی 2023 دوو کەشتیی بارهەڵگر بەناوەکانی (ڤێریتی) و (پۆلیسێ) لە نزیک دوورگەکانی هێلیگۆلاند لە ئەڵمانیا پێکیاندادا؛ لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون. کەشتیی ڤێریتی کە پۆڵای بارکردبوو، نقوومبوو.
 
لە تشرینی یەکەمی 2015 کەشتیی (فلینتەرستار) کە 125 تۆن بەنزین و 427 تۆن نەوتی بارکردبوو، لە دووریی هەشت کیلۆمەتر لە بەلجیکاوە لەگەڵ کەشتیی عورەیق پێکیاندادا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە