رووداو - هەولێر
دوای چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە، کەشتیوانانی ئاسمانی وێنەی هەسارەی موشتەرییان لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دەستکەوتووە، ناویان ناوە "وێنەی خۆشبەختانە" و بۆ یەکەمجار چەندین چاڵی رەش لەنێو تیشکە ئاگرینەکانی هەسارەکەدا دەردەکەون.
تیمەکەی ناسا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆی کالیفۆرنیا لە رێگەی تەلەسکۆپی هابڵ و جوونۆ کە چاودێریی موشتەری و زەوی دەکەن، لەگەڵ تەلەسکۆپی گیمینی کە لە دوورگەی هاوای جێگیرکراوە، ئەم دیمەنانەیان دەستکەوتووە.
بەدەر لە دیمەنە ئاگرینەکەی موشتەری، وێنە بڵاوبووەوەکان چەند چاڵێکی رەش بەسەر رووکاری هەوراویی هەسارەکەدا دەردەخەن. مایک وۆنگ، زانا لە زانکۆی کالیفۆرنیا بەو کوولەکەیەی دەچوێنێت کە لە تاریکیی شەوی هاڵۆویندا نێوی دادەگیرسێت.
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو وێنە نوێیانەی دەستیان کەوتووە، زانایان ژینگە و مێژووی دروستبوونی هەسارەکەیان بۆ رووندەبێتەوە.
ئامی سایمۆن، زانا لە ئاژانسی ناسا ئاماژە بەوە دەدات، "بەهۆی ئەو وێنە نوێیانە دەتوانین سووڕی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر موشتەری ببینین".
موشتەری پێنجەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە، هەسارەی مەریخ لە زەوی جیای دەکاتەوە، نیوەتیرەکەی 69 هەزار و 911 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا زەوی نیوەتیرەکەی تەنیا شەش هەزار و 371 کیلۆمەترە.
قەبارەی موشتەری یەک لەسەر دەی خۆرە و لە هەر 9.8 کاژێرێک جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ