ماکرۆن لە ئیماراتە؛ کریسمس لەگەڵ سەربازانی فەرەنسا بەسەردەبات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە ئیمارات، بۆ بەسەربردنی پشووەکانی کریسمس لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی کە لەوێ جێگیرکراون.
 
لەم سەردانەدا، کاترین ڤۆتران، وەزیری سوپای فەرەنسا یاوەریی ماکرۆن دەکات.
 
بڕیارە دوای سەردانیکردنی مۆزەخانەی نیشتمانیی زاید، ماکرۆن لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبێتەوە. کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەسەر "بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژی"ی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و بەرگریدا.
 
دوای کۆبوونەوەکانیش، ماکرۆن سەردانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەکات لە ئیمارات. ژمارەی سەربازانی فەرەنسا لەوێ 900 سەربازە و بەسەر سێ شوێندا دابەشبوون: بنکەیەکی دەریایی، بنکەیەکی ئاسمانی و سەربازگەیەک.
 
ماکرۆن لە گوتارێکدا قەس بۆ سەربازەکانی دەکات و دواتر ئێوارەخوانی کریسمسیان لەگەڵ دەخوات، کە لەلایەن چێشتلێنەرانی تایبەتیی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنساوە ئامادە دەکرێت.
 
نەریتی ساڵانە و شەڕی ماددەی هۆشبەر
 
بەسەربردنی کریسمس لەگەڵ سەربازەکان لە دەرەوەی وڵات، نەریتێکی ساڵانەی ماکرۆنە. پار لەگەڵ هێزەکانی فەرەنسا بوو لە جیبۆتی و ساڵی پێشووتریش لە ئوردن بوو.
 
جگە لە بواری بازرگانی و کولتووری، پاریس دەیەوێت لە پرسی "بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر"دا ئیمارات هاوکاریی بکات، چونکە ژمارەیەک لە بازرگانە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر کە خەڵکی فەرەنسان، ئێستا لە ئیمارات دەژین.
 
بەشێک لە ئەرکی سەربازانی فەرەنسا لە ئیمارات چاودێریکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەیە کە ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، هەروەها ئەو هێزانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی "شەماڵ" کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە