نیویۆرک؛ دوای قەدەخەکردنی مۆبایل "ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆشی" بۆ قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بەکارهێنانی مۆبایلی لە قوتابخانەکان قەدەخە کرد، مامۆستایانیش لە خۆشیدا شاگەشکە بوون و پاڵپشتی لە بڕیارەکە دەکەن.
 
گۆڤاری New York Magazine دەڵێت، هەرچەندە ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە ئەوە بوو قوتابییەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر وانەکانیان بێت، بەڵام دەرکەوت سوودی دیکەشی هەبووە. ئێستا قوتابییەکان وەک سەردەمانی پێش داهێنانی موبایل قسە لەگەڵ یەک دەکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان زیندوو بووەتەوە.
 
لەناکاو دۆخەکە گۆڕا. ئێستا قوتابییەکان لە کاتی پشووی نیوەڕۆدا لە جیاتی سەرقاڵبوون بە شاشەکانەوە، خەریکی کۆنکان، دۆمینە و یارییەکانی دیکەن. روویان کردووەتە وەرزشکردن و کەشێکی "زۆر خۆشتر" لە قوتابخانەکان پەیدا بووە.
 
قوتابییان چی دەڵێن؟
 
رۆسالمێ، یەکێکە لە قوتابییەکانی قوتابخانەی Stuyvesantی ئامادەیی لە نیویۆرک و دەڵێت: "کەشێکی زۆر خۆشتر لە قوتابخانە پەیدا بووە، ئێستا خەڵک حەزیان لێیە چالاکی بکەن." حەزی ئەو، یاریی دۆمینۆیە، کە لە کاتی پشووی نیوەڕۆدا دەیکەن و هەرا و دەنگەدەنگێکی خۆشی لێ پەیدا دەبێت.
 
مامۆستایەکیش دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە قوتابییان روویان لە یاریی بالە کردووە و کچ و کوڕ پێکەوە یاری دەکەن. لە هەندێک قوتابخانەی دیکە، قوتابییەکان قومار لەسەر "تۆقەی قژ" دەکەن لە بری پارە، هێندە بە گەرموگوڕی یاری دەکەن هەموو لە دەوریان کۆدەبنەوە.
 
نۆشین سەیرام قوتابییەکی دیکەی هەمان قوتابخانەیە، دەڵێت: "سەرەتا کە مۆبایل قەدەخە کرا زۆر بۆڵەبۆڵمان دەکرد کە چۆن دەتوانین پێش تاقیکردنەوەکان کۆشش بکەین، بەڵام ئێستا وانەکانم لەسەر کاخەز چاپ دەکەم و دەبینم زۆر کاریگەرترە. چیتر بەهۆی نامە و ئاگانامەکان (نۆتیفیکەیشن)ی مۆبایلەکەمەوە لە وانەکەم خافڵ نابم و سەرم لێ تێکناچێت."
 
مەترسیی مۆبایل لە رووی زانستییەوە
 
توێژینەوەکان دەڵێن مۆبایل کاریگەریی مەترسیداری لەسەر منداڵان هەیە:
 
• منداڵانی خوار 12 ساڵ ئەگەر مۆبایلیان هەبێت، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی، قەڵەوی و کەمخەوی زیاترە.
 
• زۆر سەیرکردنی شاشە پەیوەندی بە نەخۆشیی فرەجووڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD)ـەوە هەیە.
 
• بەکارهێنانی بەرنامەکانی ژیریی دەستکردی وەک ChatGPT دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بیرەوەری و دابەزینی نمرەی قوتابی.
 
لەکۆتاییدا راپۆرتەکە دەڵێت؛ راستە قەدەخەکردنی مۆبایل بڕیارێکی توندە، بەڵام ئەنجامەکەی زۆر باشە. ئایدن کە قوتابییە دەڵێت: "راستگۆیانە بڵێم، ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێکانم زۆر باشتر بووە، نیوەی ئەوانەی ئێستا یارییان لەگەڵ دەکەم، پێش بڕیارەکە هەر نەمدەناسین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە