رووداو دیجیتاڵ
زانایانی چین نەوەیەکی نوێی رۆبۆتیان دروستکردووە کە وەک پیاوی جاڵجاڵۆکە (سپایدەرمان) بە باڵەخانە بەرزەکاندا سەردەکەون و جامەکان خاوێن دەکەنەوە؛ ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەش بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسییەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران پەرەی پێدراوە.
لە پارێزگای ئانهوی لە رۆژهەڵاتی چین، سێ رۆبۆتی سپی بەسەر شووشە و جامەکانی باڵەخانەیەکی بەرز هەڵگەران و بەشێوەیەکی ستوونی خاوێنیان کردەوە.
وانگ یانی، بەڕێوەبەری سەنتەری تەکنەلۆژیای هەستەوەری و کۆنترۆڵ لە پەیمانگەی هێفێی بۆ داهێنانە ئەندازیارییەکان لە ئەکادیمیای زانستی چین، رایگەیاند: "بەراورد بە شێوازە نەریتییەکانی خاوێنکردنەوە لە رێگەی مرۆڤەوە، ئەم رۆبۆتە سەرەتا مەترسیی کەوتنەخوارەوەی کوشندە ناهێڵێت. جگە لەوەش، چەندین رێکاری رێگری لە کەوتنمان تێدا جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو سەلامەتیی گشتی زیاد دەکات."
ئەم رۆبۆتە نوێیانە پشت بە لۆگارتیمەکانی ژیریی دەستکرد دەبەستن بۆ دیاریکردنی رێڕەوەکانی خاوێنکردنەوە. وانگ یانی روونیکردەوە کە سەرەتا لە رێگەی درۆنەوە زانیارییە وردەکانی باڵەخانەکە کۆدەکرێنەوە و دواتر رۆبۆتەکە خۆی بە شێوەیەکی زیرەک پلان بۆ کارەکەی دادەنێت.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: "ئەم ئامێرە توانای خۆگونجاندنی راستەوخۆی هەیە و دەتوانێت لەنێو رووبەرە دیاریکراوەکاندا بە سەربەخۆیی کارەکانی جێبەجێ بکات."
خاوێنکردنەوەی 1,200 مەتر دووجا لە رۆژێکدا
ئەم رۆبۆتە توانایەکی بێوێنەی هەیە و دەتوانێت رۆژانە بە تێکڕا 1,200 مەتر دووجا رووبەر خاوێن بکاتەوە. ئامێرەکە وەک سیستمێکی هەستەوەری زیرەک و کۆنترۆڵی سەربەخۆ پۆڵێنکراوە؛ بە کامێرای کواڵیتیی بەرز و سیستمی ناسینەوەی AI پرۆگرامکراوە کە رێگەی پێدەدات دەوروبەرەکەی بناسێتەوە، رێڕۆی کارەکەی دیاری بکات و تەنانەت دوای تەواوبوونی کارەکەش، ئامێرە بچووکەکانی خۆی کۆبکاتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەستوەردانی مرۆیی هەبێت.
پلان بۆ داهاتوو
رۆبۆتەکە جارێ تەنیا بۆ رووبەرە ساف و لووسەکان دیزاین کراوە وەک شووشە و تەختە ئەلەمنیۆمەکان، بەڵام پەرەپێدەرانی پڕۆژەکە رایانگەیاندووە کە لە داهاتوودا نوێکردنەوە و تایبەتمەندیی زیاتریان دەبێت.
وانگ یانی لەو بارەیەوە گوتی: "لە قۆناخەکانی داهاتوودا کار دەکەین بۆ ئەوەی رۆبۆتەکە بتوانێت رووبەرە زبرەکانی وەک گرانێت و چیمەنتۆ جۆراوجۆرەکان خاوێن بکاتەوە و لە داهاتوودا بەرهەمی نوێ بۆ بوارەکانی دیکەی کارکردن دەخەینە بازاڕەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ