قەڵایەکی مێژوویی ئەلبانیا دەبێتە جێی سەرنجی گەشتیاران

10-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قەڵایەکی کۆنی تەمەن 300 ساڵ لە ئەلبانیا دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی قەڵاکە بکەن.
 
قەڵای بێرات دەکەوێتە شاری بێرات کە 120 کیلۆمەتر لە باشووری تیرانای پایتەختی ئەلبانیاوە دوورە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی لێدەکەن. قەڵاکە تەمەنی 300 ساڵە و لە بەرد دروستکراوە.
 
بەرپرسانی گەشتوگوزاری ئەلبانیا دەڵێن، لە ساڵی 2023دا لانیکەم 10 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەلبانیایان کرد و بڕی 4.2 ملیار دۆلاریان هێنایە نێو وڵاتەکە، کە دەکاتە 20%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
 
ئەرڤین دێمۆ، پارێزگاری شاری بێرات دەڵێت، "لە 2023دا 800 هەزار گەشتیار سەردانی قەڵاکەیان کردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی 2024 لانیکەم یەک ملیۆن کەس سەردانی بکەن. گەشتیاران دەیانەوێت ئەزموونی شتێک بکەن کە تایبەتمەندە بە شارەکە و ئەمەش خاڵێکی زۆر بەهێزە بۆ ئێمە."
 
کریس سپێکمان، هاووڵاتی ئەمریکایە و خەڵکی ویلایەتی نیو جێرزییە، دەڵێت، "ئێرە شوێنێکی تەواو تایبەتە لە ئەوروپا. بیانسازییەکەی، ستایلەکەی و بەردکارییەکەی شتێکی نائاساییە."
 
سێباستیانا ئینتاگلیاتای تەمەن 70 ساڵ لە نیو یۆرکی ئەمریکاوە هاتووە و دەڵێت: "دیمەنێکی ناوازەی هەیە، چونکە قەڵاکە لە شوێنێکی بەرزە و دەتوانیت زۆر شوێنی جوان ببینیت."
 
بەهۆی زۆربوونی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە، حکومەتی ئەلبانیا دەستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی قەڵاکە و دەورووبەری کردووە. ئێستا 20 رێبەری گەشتیاری لە قەڵاکە هاودەمیی گەشتیارانن، بەڵام خواست لەسەر رێبەرەکان پێنج هێندە زیاترە.
 
کێشەیەکی دیکەی قەڵاکە نەبوونی رێستۆرانت و هۆتێلی پێویستە. پارێزگاری شاری بێرات دەڵێت، پلانیان داناوە بۆ دانانی تۆڕێکی گواستنەوە لە شارەوە بۆ قەڵاکە، ئەمەش بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی گەشتیاران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە