کۆمپانیای میتسوبیشی بەهۆی خراپیی قایشی خۆبەستنەوە یەک ملیار دۆلار سزا دەدرێت

10-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خراپیی دیزاینی قایشی خۆبەستنەوە لە جۆرێکی ئۆتۆمبێلی میتسوبیشی، پیاوێکی ئەمریکی تووشی رووداوێکی هاتووچۆ دەبێت و ملی دەشکێت. دادگەیەکی ئەمریکا داوا لە کۆمپانیاکە دەکات بڕی یەک ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە پیاوەکە و کۆمپانیاکەش دەڵێت، "تانە لە بڕیارەکە دەدەن."
 
رۆژی پێنجشەممە 09-05-2024 کۆمپانیای میتسوبیشیی ژاپۆنی رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لەلایەن دادگەیەکی ویلایەتی پەنسلڤانیاوە بە بڕی 1.01 ملیار دۆلار سزا دراوە.
 
هۆکاری سزادانی کۆمپانیاکە بۆ رووداوێکی هاتووچۆی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە. پیاوێک بەناوی فرانسیز ئەماگاسو، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری میتسوبیشی 3000GT مۆدێل 1992 کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، لەوکاتەدا ئەو قایشەی خۆی پێ بەستووەتەوە ناتوانێت بیگەڕێنێتەوە و سەری بە بنمیچی ئۆتۆمبێلەکەدا دەکێشێت.
 
دوای گوازرانەوەی بۆ نەخۆشخانە، دەردەکەوێت ئەماگاسو ملی شکاوە و لەو کاتەوە ئیفلیج بووە. هاوژینی ئەماگاسو لە دادگەیەکی شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا سکاڵا لەسەر کۆمپانیا ژاپۆنییەکە تۆمار دەکات، کە دیزاینی قایشی خۆبەستنەوەی ئۆتۆمبێلەکە شکستی هێناوە لە پاراستنی شۆفێرەکە.
 
رۆژی 06-05-2024 دادگەی شاری فیلادێلفیا بە کۆمپانیای میتسوبیشی لقی ئەمریکای باکووری راگەیاندووە، پێویستە کۆمپانیاکە 976 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو و 33 ملیۆن دۆلاریش وەکو پێبژاردنی درەنگکەوتن لە پێدانی قەرەبووەکە بدات.
 
کۆمپانیای میتسوبیشی لقی ئەمریکای باکوور MMNA رایگەیاند، "ئێمە ئەو حوکمە قبووڵ ناکەین و تانە لە بڕیارەکە دەدەین. ئێمە بەردەوامین لە دروستکردنی ئۆتۆمبێل کە لەگەڵ یاسا و ستانداردەکانی سەلامەتی یەکبگرێتەوە."
 
کۆمپانیای میتسوبیشی لە ساڵی 2023ـدا 87 هەزار و 340 ئۆتۆمبێلی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشت و قازانجی 1.8% بەراورد بە 2022 زیادیکرد.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە 2022، دادگەیەکی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیای فۆردی ئەمریکی کرد بڕی 1.7 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بژمێرێت، ئەمەش دوای رووداوێکی هاتووچۆی 2014 کە تێیدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ململانێی بایدن و ترەمپ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن شەڕە قسەی بایدن و ترەمپ گەرمتر دەبێت

5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەمریکییەکان سەرۆکێک بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵدەبژێرن. بایدن و ترەمپ، هەردوو بەربژێری سەرەکی، پێش هەڵبژاردنەکە لە سێ دیبەتی تەلەڤزیۆنیدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.