جیهان
ئەمساڵ پلەی گەرما لە بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری تایلاند 44 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە. وێنە: PIXABAY
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تایلاند رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 61 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش زیاترە لە ژمارەی هەموو ئەوانەی پار لە وڵاتەکە بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
چەند هەفتەیەکە شەپۆلێکی گەرما تایلاندی گرتووەتەوە. رۆژی هەینی 10ـی ئایاری 2024، وەزارەتی تەندروستیی تایلاند رایگەیاند، هاووڵاتییانیان لە مەترسیی گەرماکە ئاگەدار کردووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی تایلاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 61 کەس لە وڵاتەکە بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پار ژمارەکە 37 کەس بوو.
ئەپیکارت ڤاگیراپان، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد کاتی چوونە دەرەوەیان کەمبکەنەوە.
بەگوێرەی دەزگای کەشناسیی تایلاند لە نیسانی ئەمساڵ پلەی گەرما لە بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکە 44 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، گەرمترین پلەی هاوینی رابردووی وڵاتەکە 44.6 پلەی سیلیزی بووە.
بەشێوەیەکی گشتی، مانگی نیسان گەرمترین مانگی ساڵە لە تایلاند و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا؛ بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکەی قورستر کردووە.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زۆرن، بەڵام سەرەکیترینیان هەبوونی پاشماوەی گازەکانە لە بەرگەهەوای زەویدا، کە بەهۆی سووتاندنی خەڵووز، نەوت و گازی سرووشتییەوە لە بەرگەهەوای زەویدا کۆدەبنەوە.
لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوادا لە دوبەی، رۆژی 13-12-2023 نزیکەی 200 وڵات رێککەوتن لەسەر خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی نەریتی، کە نەوت و گاز و خەڵووز دەگرێتەوە، بەڵام دیار نییە ئایا بەرژەوەندییەکانیان رێگەیان پێدەدات بەزوویی بیخەنە بواری جێبەجێکردن و زەوی لە گەرمبوونی زیاتر بپارێزن؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ