وەزیرێکی حکومەتی نەرویج بە زمانی کوردی قسە لەگەڵ دیاسپۆرانشینانی کورد لە وڵاتەکەی دەکات

10-05-2025
هێمن عەبدوڵڵا
 وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی لە ئیڤێنتێکی کورد بە کوردی قسە دەکات.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی لە ئیڤێنتێکی کورد بە کوردی قسە دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەسکەندەناڤیا دیاسپۆرای کوردی هێندە چالاکە کە کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە حەزدەکەن لەگەڵیان کۆببنەوە و تەنانەت بە کوردیش قسەیان بۆ بکەن. 
 
تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەرویج بەشداریی لە بۆنەیەکی کوردی دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە و دەستپێکی قسەکانی بە زمانی کوردییە، دەڵێ"رۆژ باش، ناوم تۆنییە، من وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویجم".
 
تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویج: "بەڕاستی شتێکی زۆر گەورەیە کە هەموو پارت و رێکخراوە کوردییەکان بەرامبەر دیمەشق بۆ دۆزی خۆیان و مافەکانیان بوونەتە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست. ئەو یەکڕیزییە بووەتە جێی دڵخۆشیی هەمووان لە کوردستان و لە نەرویجیش. خەڵک شانازی بەو یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییەوە دەکەن". 
 
سەڵاح کشتی، سەرۆکی کۆمەڵەی مهاباد لە نەرویج و رێکخەری بۆنە کوردییەکە لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی کۆمەڵەکەی و چالاکییەکانی کرد و گوتی، "کۆمەڵەکەمان ناوی مهابادە و پێکهاتووە لە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام زیاترینی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و ئامانجمان پاراستنی زمانی کوردییە لەنێو دیاسپۆرای کورد لە نەرویج. هەروەها لۆبیکردنی دۆزی کوردە لە هەموو پارچەکان بەتایبەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مهاباد لە نەرویج روونیکردەوە، کۆمەڵەکەیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە، بەڵام تاوەکو هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ لە ساڵی 2024 چالاک نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر چالاکە و پەیوەندی پتەوی بە بەرپرسانی نەرویج هەیە.
 
سەڵاح کشتی دەڵێت، "بۆنەیەکمان رێکخست و تێیدا جگە لە میوانی هەموو پارچەکانی کوردستان، کە زۆرترینیان لە رۆژئاوای کوردستان بوون، بانگهێشتی وەزیرێکی نەرویجمان کرد، ئەویش خاتوو تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویج بوو، کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵی هەیە و لە بۆنەکەدا بە چەند وشەیەکی کوردی سەرەتای وتارەکەی دەستپێکرد و دواتر دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، هەر لە بۆنەکەدا پەرلەمانتارێکی نەرویج کە خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە کە مانی حوسێنیە بەشداربوو".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مهاباد ئاماژەی بەوەدا، رای گشتیی نەرویج هاوسۆزی دۆزی کوردە و ئەوانیش کار لەسەر ئەو هاوسۆزییە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی دۆزی نەتەوەکەیان پێبکەن.
 
کشتی گوتیشی، ئێستا خوێندگەی زمانی کوردییان لە نەرویج هەیە و دەیانەوێ پارێزگاری لە زمان و چاندی کوردی بکەن، بەتایبەتی لەنێو نەوەی نوێی کوردی دیاسپۆرای نەرویجدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە