رووداو دیجیتاڵ
دەروازی شارۆچکەی گوبێن لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، پێشتر خاڵێکی پەڕینەوەی بێ کێشەی نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەندا بوو، بەڵام حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی تووندتر کردووە و دەبێت بە کۆنترۆڵی تووندی پۆلیسدا تێپەڕیت.
فرێد ماهرۆ، سەرۆکشارەوانی گوبێنە و باس لەوە دەکات، "ئەوە ئاماژەیە کە کەس ناتوانێت بێ سزا سنوور ببەزێنێت. لە ئەزموونی خۆمەوە دەتوانم بڵێم، لەو کاتەوەی هێزی زیاتر لە سنوور جێگیرکراوە، ژمارەی کۆچبەران روو لە کەمبوونەوەیە."
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتس، فەرمانی بە پۆلیس کردووە لە سنوور رێگە لە کۆچبەرانی نایاسایی بگرێت و جگە لە داواکاری گرووپێک کە ژنانی دووگیان و منداڵان دەگرێتەوە، داواکاری زۆربەی پەناخوازان رەتبکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش سێ هەزار پۆلیسی دیکەی رەوانەی سنوور کردووە.
لەبارەی ئەو کۆچبەرانەشی کە مافی مانەوەیان لەو وڵاتە وەرنەگرتووە، فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیپۆرتی ئەو وڵاتە دەکرێنەوە کە لێیەوە چوونەتە ئەڵمانیا یانیش دەگەڕێندرێنەوە وڵاتانی خۆیان.
فەرمانگەکە ئەوەشی راگەیاند کە فێربوونی زمان و دەستکەوتنی کاریش فریای پەناخوازە رەتکراوەکان ناکەوێت و هەر دیپۆرت دەکرێنەوە.
یان ئووە پۆلتە، گوتەبێژی پۆلیسی فغایلاسینگ دەڵێت، "پۆلیسی فیدراڵی راسپێردراون کە رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوور چڕتر بکاتەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە ژمارەی کارمەندەکانمان لە رێگەکان زیاد کردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەین."
ئەیلوولی 2023 ئەڵمانیا دەستی بە تووندکردنی سنورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کرد.
ئەو رێکارەی سەرەتا لەگەڵ پۆڵەندا، چیک و سویسرا دەستپێکرد و دوای ساڵێک سنوورەکانی لەگەڵ فەرەنسا، لۆکسەمبۆرگ، بەلجیکا، هۆڵەندا و دانیمارک تووند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ