جیهان
ژمارەیەک کۆچبەر لەڕێگەی ئاوییەوە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا دەدەن. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، قاچاخچییەکی کوردی دیپۆرتی بەلجیکا کردووەتەوە.
ئاژانسەکە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتبارەکە ناوی ئەربیل جەلیلی قادرە و تەمەنی 25 ساڵە، تەممووزی 2024 لە شاری پیتەربۆرۆی ئینگلتەرا دەستگیرکرا، دوای ئەوەی لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو.
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، دیپۆرتکراوەکە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی دوو کۆمەڵە کۆچبەری نایاسایی لە بەلجیکاوە بۆ ئینگلتەرا. گوایە تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2023 هەوڵی داوە دوو کۆمەڵە کۆچبەر لە نێو ئەو بارهەڵگرانەدا بشارێتەوە کە لە رێگەی کەشتییەوە بە نێو دەریادا دەگوازرێنەوە بۆ ئینگلتەرا.
هەردوو کۆمەڵە کۆچبەرەکە پێش ئەوەی بگەنە نێو بارهەڵگرەکان و بەرەو بەریتانیا بەڕێبکەون، لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە رێگرییان لێ کرابوو، بەڵام پۆلیس پێیوایە هەمان گرووپی قاچاخچییانی کورد سەرکەوتوو بوون لە گواستنەوەی چەندین کۆچبەری دیکە.
بە گوێرەی ئاژانسە بەریتانییەکە، ساڵی 2023 ئەربیل جەلیلی قادر لە رێگەی بەلەمەوە چووەتە بەریتانیا و لەوێ ناوی خۆی لە دەزگا ئەمنییەکان شاردووەتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکە بەدواداچوونی بۆ هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داتای نێو مۆبایلەکەی کردووە و ناسنامەی راستەقینەی ئاشکراکردووە.
لە دوای دەستگیرکردنییەوە، تۆمەتبارە کوردەکە لە بەریتانیا زیندانیکراوە، 24ی ئادار لە لایەن دادگەی شاهانەی وێستمنیستەرەوە فەرمانی رادەستکردنەوەی بۆ دەرکرا و رۆژی پێنجشەممە بە فڕۆکە گەڕێندرایەوە بەلجیکا.
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، "لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دادگەی وێست فلاندەرز لە بەلجیکا دادگایی دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ