کۆشکی سپی: رووسیا هەوڵ دەدات لە ساڵی داهاتووەوە درۆنی ئێرانی دروستبکات

10-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی دەڵێت، سوپای رووسیا هەوڵ دەدات لە ساڵی داهاتووەوە درۆنی ئێرانی لە نێو وڵاتەکەی دروستبکات. 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، رووسیا کەرەستە لە ئێران وەردەگرێت بۆ ئەوەی کارگەیەکی دروستکردنی درۆن دابنێت، کە دەکرێت ساڵی داهاتوو دەست بە دروستکردن بکات. 
 
کۆشکی سپی وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە کە گوایە شوێنی کارگەکە لە ناوچەیەک پێشاندەدەن کە بە دووری 900 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی مۆسکۆ.  

 

 
کێربی بە گەڕانەوە بۆ زانیاریی هەواڵگریی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیدا دەڵێت، "دیارە کە هاوبەشیی سەربازیی نێوان رووسیا و ئێران لە قووڵبوونەوەدایە." 
 
مەزەندەی واشنتن وایە کە رووسیا سەدان درۆن و کەرەستەی پەیوەندیداری لە ئێرانەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراینا بەکاریان بێنێت. 
 
کێربی ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی داتاکانی ئەمریکا، درۆنەکان لە ئێران دروستکراون، بە دەریای قەزویندا دەگوازرێنەوە و "دواتر لە لایەن رووسیاوە بۆسەر ئۆکراینا بەکاردەهێنرێن."
 
کێربی هەروەها دەڵێت، "لەم هەفتانەی دواییدا رووسیا درۆنی ئێرانیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کیێڤ و خەڵکی ئۆکراینا بتۆقێنێت."
 
واشنتن پێی وایە سوپای رووسیا هەوڵ دەدات خۆی درۆنی ئێرانی دروستبکات. کێربی لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئێمە زانیاریمان هەیە کە رووسیا کەرەستە لە ئێران وەردەگرێت بۆ ئەوەی کارگەی دروستکردنی درۆن لە نێو رووسیادا دابمەزرێنێت." 
 
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی کۆشکی سپی، ئێران هەوڵدەدات فڕۆکەی جەنگیی سوخۆی 35، هێلیکۆپتەری جەنگی و فڕۆکەی دیکە لە رووسیا بکڕێت. 
 
کێربی دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنانەی لە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی ئێرانی بۆ رووسیا تێوەگلاون." 
 
ئێران بەردەوام تۆمەتەکانی ئەمریکای رەتکردووەتەوە.
 
دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کە 24ی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، پێکەوەکارکردنی مۆسکۆ و تاران زیادیکرد کە هەردووکیان لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پەراوێزخراون. 
 
هەردوو وڵاتەکە ئەم دواییانە رایانگەیاند، هێڵێکی شەمەندەفەر دروستدەکەن کە یارمەتییان دەدات پێویستیان بە رێڕەوە دەریاییەکان نەبێت و لە سزا نێودەوڵەتییەکانیش دەیانپارێزێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە