رووداو دیجیتاڵ
سوێد کە تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤیتۆی تورکیا و هەنگاریاوە نەیتوانیوە ببێتە ئەندامی ناتۆ، دەڵێت، ئامادەیە لە ئێستاوە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانییەکە لە خاکی وڵاتەکەیدا بکرێتەوە.
ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیران و پاڵ جۆنسن، وەزیری بەرگریی سوێد رۆژی هەینی لە گوتارێکی هاوبەشدا کە لە میدیای سوێدی بڵاوکراوەتەوە، رایانگەیاند، "حکومەت بڕیاری داوە بەوەی سوپا دەتوانێت لەگەڵ ناتۆ و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەست بە ئامادەکاری بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتووی."
سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی سوێد دەڵێن، "دەکرێت ئەم ئامادەکارییانە جێگیرکردنی کاتیی کەرەستەی سەربازی و هێزی بیانیش لە نێو خاکی سوێد لەخۆبگرێت،" ئاماژە بەوەش دەکەن، "ئەم بڕیارە پەیامێکی روون بە رووسیا دەدات و بەرگریی سوێدیش بەهێزتر دەکات."
لە حوزەیرانی ساڵی 2022ەوە سوێد بانگێشتکراوە ببێتە ئەندامی ناتۆ. بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام، پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی بن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا ئامادە نین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن.
تەنیا ئەو وڵاتانەی بوونەتە ئەندام، بڕگەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ دەیانگرێتەوە کە دەڵێت، هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنرێت.
تورکیا هێشتا هیچ ئاماژەیەکی بەدەستەوە نەداوە کە نیازی هەبێت بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.
وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا بە دیاریکراوی، ئەنقەرەیان هانداوە نەبێتە بەربەست و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوێد هەموو مەرجەکانی نێو ئەو رێککەوتننامەیەی جێبەجێکردوون کە پار لەگەڵ ئەنقەرە واژۆی کرد.
بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە، پێویستە سوێد کۆتوبەندی تووند بخاتە سەر ئەو گرووپانەی کە تورکیا بە "تیرۆریست" دایاندەنێت.
تورکیا هەروەها داوای لە سوێد کردووە دەیان چالاکڤانی رادەستبکاتەوە کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" دایاندەنێت.
حکومەتی سوێدیش جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ناتوانێت بڕیاری لەو شێوەیە بدات، چونکە دەسەڵاتە دادوەرییەکەی "سەربەخۆیە."
لە پاڵ هەوڵدان بۆ چوونە نێو ناتۆ، سوێد لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، خەرجییە سەربازییەکانیشی زیادکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ