رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژەیاسایەکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسند کرد.
رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە کۆبوویەوە و لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە 14ـیان بە 'بەڵی' لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاساکە دەنگیاندا و تەنیا رووسیا دەنگی بە پڕۆژەیاساکە نەدا.
پڕۆژەیاساکە لە سێ قۆناخ پێکدێت و لە قۆناخی یەکەم، بۆ ماوەی شەش هەفتە شەڕ رادەگیرێت، سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سیڤیل نشینەکان دەکشێتەوە، رێگە بە فەلەستینییەکان دەدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، نزیکەی 600 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی دەگەیێندرێتە غەززە و حەماسیش لە بەرامبەر ئازادکردنی چەند بەندکراوێکی فەلەستینی، بارمتە ژن، بەتەمەنەکان و بریندارەکان ئازاد دەکەن.
لە قۆناخی دووەمیشدا، بزووتنەوەی حەماس هەموو بارمتەکان، لەنێویاندا بارمتە پیاوەکان و سەربازە ئیسرائیلیەکان ئازاد دەکات، سوپای ئیسرائیلیش لە تەواوی غەززە دەکشێتەوە.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە دووبارە بنیادنانەوەی غەززە و کۆکردەوەی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە.
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەکاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ (دووشەممە) لە تەلئەڤیڤ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوویەوە.
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "بلینکن ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە پێشنیازەکە ئەگەری هێوربوونەوە بە درێژایی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل و نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دەکات."
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد: "دەمانەوێت ئامادەیی خۆمان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانی نێوەنگیر دووپاتبکەینەوە بۆ ئەوەی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆکان لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو بنامایەنە دەستپێبکەین."
دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارەکەش، لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: "ئەمڕۆ ئەم ئەنجوومەنە پەیامێکی روونی بە حەماس دا: ئەم ئاگربەستە قبووڵ بکەن. ئیسرائیل پێشتر بە رێککەوتنەکە رازی بووە، ئەگەر حەماسیش رازی ببێت، شەڕەکە ئەمڕۆ دەوەستێندرێت".
ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان
لە 24-11-2023 حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان رێککەوتن.
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
بزووتنەوەی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندییان ئازاد کرد؛ لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران.
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کردووە کە 14ـیان ئیسرائیلی، دووانیان تایلاندی و ئەوی دیکەیان رووسییە". ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی ئازادکرد.
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی ئاگربەستەکە دیکە درێژکرایەوە.
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلیان راگەیاند: "بەمجۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو."
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران.
بەمجۆرە لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 130 بارمتە لە غەززە ماون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 85ـیان لەژیاندا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ