ترەمپ و تیمەکەی لەبارەی ئێران و غەززە کۆبوونەوە

10-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئەو وڵاتە و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تەواوی تیمی باڵای سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەی، رۆژی یەکشەممە بۆ ماوەی "چەندین کاژێر" لە هاوینەهەواری کامپ دەیڤد لە ماریلاند کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیجیی ئەمریکا لە بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و جەنگی غەززە تاوتوێ بکەن.
 
بەم دواییانە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی و رێککەوتنێکی دیکەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، رووبەڕووی پاشەکشە بوونەوە.  
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە پێگەی ئەکسیۆسی گوتووە، ترەمپ هەردوو قەیرانەکە وەک دوو بابەتی پێکەوەبەستراو دەبینێت.
 
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، گفتوگۆکان لە کامپ دەیڤد چەندین کۆبوونەوەی سیاسییان لەخۆگرتبوو.
 
جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس وەزیری بەرگری؛ سوزی وایلز، بەڕێوەبەری کاروباری کۆشکی سپی؛ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی؛ تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون کە باسیان لە ئێران و غەززە کردووە.
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە "جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکان"ـیش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کردووە، بەڵام رەتیکردەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی بخاتەڕوو. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "کۆبوونەوەکان رێگەی بە هەموو کەسە باڵاکانی ئیدارەکە دا بۆ ماوەیەکی درێژ پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە بکەن."
 
وەڵامی ئێران و هەڵوێستی ترەمپ
 
بەرپرسانی ئێرانی لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکردنی وەڵامیاندان بۆ ئەو پێشنیازەی کە ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی خستوویەتییە روو. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا تاران بە فەرمی پێشنیازەکە رەت بکاتەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە میدیاکەی رایگەیاندووە، ئاماژەیان پێگەیشتووە کە وێڕای ئەوەی ئێران پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە، دەیەوێت دانوستاندنەکان بەردەوام بن. 
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێمە پێشنیازێکی زۆر سەختمان بۆ ئێرانییەکان ناردووە و چاوەڕێ دەکەین وەڵامێکی سەختیش بدەنەوە."
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە ئێرانییەکانی بە "دانوستاندنکاری باش" ناوبردن، بەڵام گوتی: "رەنگە هەندێکجار زۆر تووند بن،" و گوتیشی: «ئێمە هەوڵدەدەین رێککەوتنێک بکەین بۆ ئەوەی وێرانکاری و مەرگ روونەدات. هیوادارم بەم شێوەیە بڕوات، بەڵام رەنگە وا دەرنەچێت. بەم زووانە بۆمان دەردەکەوێت."
 
دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، داواکارییەکانی ئێران "بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین،" بەتایبەتی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم. 
 
دۆخی غەززە
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی رایگەیاندووە، ترەمپ و نەتەنیاهوو دۆخی غەززەشیان تاوتوێ کردووە. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە کە دڵخۆشە ئێستا هاوکاری دەچێتە غەززەوە. بەڵام گفتوگۆکانی ئاگربەست چەندین هەفتەیە وەستاون.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی و یەکێکی دیکەی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ ناچارکردنی حەماس بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتن، لە رۆژانی رابردوودا هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی گوشاری نێوەندگیرە قەتەرییەکان.
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە هەروەها باسی لەوە کردووە کە "چاوەڕوانی پێشکەوتنێکی گەورە لەم هەفتەیەدا ناکەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێشکەوتن هەبووە و لە رێککەوتن نزیکترن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا