رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بە وردی چاودێریی هەوڵی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن. بە گرنگیشی دەزانێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی لەبارەی دۆخی عێراق ئەنجامدا و کارۆلین کوین، جێگری هاوئاهەنگیکاری سیاسیی بەریتانیا لە ئەنجوومەنەکە گوتارێکی پێشکێش کرد.
کارۆلین کوین ئاماژەی بە هەوڵەکانی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرد و گوتی، "بەردەوامین لەوەی بە وردی چاودێریی هەوڵەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت بکەین."
ئەو دیپلۆماتە بەریتانییە جەختی لەوەش کردەوە، پێکهێنانی حکومەت بۆ "سەقامگیریی" هەرێمی کوردستان گرنگە. ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێندرێت.
دیپلۆماتە بەریتانییەکە هیوای خواست، "سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانن ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنن و لە نزیکترین کاتدا حکومەت پێکبهێنن."
کارۆلین کوین ستایشی هەوڵەکانی عێراقی بۆ خۆدوورخستنەوە لە ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان کرد و گوتی، "جێگەی دڵخۆشییە دەبینین عێراق سەقامگیر ماوەتەوە، ئەوەش سەرەڕای زیادبوونی ململانێکان لە ناوچەکە لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا."
ئەو دیپلۆماتە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوو بەرز نرخاند و گوتی، "چاوەڕوانین یونامی لە ماوەی ئەرکەکەیدا یارمەتیی حکومەتی عێراق بدات لە دڵنیاکردنەوەی ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەرانە بن."
کارۆلین داوای لە حکومەتی عێراق کرد، "پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە مسۆگەر بکات، گەرەنتییەکانی پاراستنی یاسایی بۆ رۆژنامەڤانان، میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنییش بەهێزتر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ