رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێیان باشە پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
ڤازیلی نەبەنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "پێمان وایە گرنگە پێشکەوتن لە دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردی لەبارەی پرسە کەڵەکەبووە چارەسەرنەکراوەکان هەبێت."
نەبەنزیا رایگەیاند، "پێشوازی لە چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردستانەوە دەکەین، کە بێگومان هاوکار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و تەواوی وڵاتەکە."
ئاداری 2023، بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە دادگەی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە رێگەی بۆریەوە راگیرا.
باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش کرد و گوتی، "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سەرکەوتوویی کە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بکرێت، فاکتەری سەرەکی دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی" لە عێراق. ئاماژەی بەوەش کرد، "باوەڕمان وایە ئەو هەڵبژاردنە بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 سەرکەوتوو دەبێت، کە لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردی کرا. هەڵبژاردنەکە تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ پێشکەوتوویی عێراق وەکو دەوڵەتێک."
ئەو دیپلۆماتە رووسییە گوتی، "داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکەین هەوڵی تەواو بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگی و گرژییەکان بدەن، بەتایبەت لە رێگەی دیالۆگەوە، کە سوود بە هەموو پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان و گرووپەکانی دیکەش دەگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ