باڵیۆزی کۆریای باشوور لە UN: گرنگە پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ

10-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی کۆریای باشوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، عێراق پێشکەوتنی لە بوارەکانی ئەمنی و سیاسی بەدەستهێناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە گفتوگۆکانی بەغدا و هەولێر لەسەر پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان بەردەوام بن.
 
رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کاروباری عێراق لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
 
جەنگوک هوانگ، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "جەخت لە گرنگی بەردەوامی دیالۆگ لەنێوان بەغداد و هەولێر سەبارەت بە پرسە ئەمنی و ئابوورییە ئاڵۆزەکان دەکەینەوە. هەروەها، گرنگە پەلە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکرێت."
 
ئەو دیپلۆماتە گوتیشی، "پێشوازی لە پێشکەوتنی بەردەوامی عێراق لە کەرتەکانی سیاسی و ئەمنی دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، "پاڵپشتی لە هەوڵەکانی عێراق لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف لە تشرینی دووەمدا دەکەین."
 
بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و یونامیش هاوکاری عێراق دەبێت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکەدا. 
 
بە گوتەی هوانگ، زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ یونامی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە گرنگە؛ جەختی لەوەش کردەوە، "تێبینی پێشهاتی ئەرێنی دەکەین، لەوانە کەمبوونەوەی هێرشەکانی داعش و بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان."
 
رۆژی 12ی ئایاری ئەم ساڵ پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و رایگەیاند، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت"، چەکدانانیش بەشێکی پرۆسەکە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە