گرێتا تونبێرگ: ئیسرائیل ئێمەی رفاند

11-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرێتا تونبێرگ، چالاکڤانی سوێدی، ئیسرائیل بە "رفاندنی" خۆی و تیمەکەی تۆمەتبار دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتیی دەریای نێوەڕاست، هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل چالاکڤانەکە و تیمی سەر بەلەمی مادلینیان دەستبەسەر کرد، کە هەوڵی گەیاندنی هاوکاریی مرۆییان بە غەززە دەدا.
 
رۆژی 1ی حوزەیران، تونبێرگ و تیمەکەی بە بەلەمی 'مادلین' لە ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتن، کە خۆراک و پێداویستییان بۆ کەرتی غەززە هەڵگرتبوو.
 
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بەسەر بەلەمەکەدا گرت و گواستیانەوە بۆ بەندەری ئوسدود. رۆژی سێشەممەش بەشێکیان دیپۆرت کرانەوە.
 
دوای گەشتن بە فەرەنسا، تونبێرگ بە رۆژنامەڤانانی گوت، هێزەکانی ئیسرائیل "لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی ئێمەیان رفاند، بەبێ ویستی خۆمان بردیانین بۆ ئیسرائیل." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی کرا "یەکێکی دیکەیە لە پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کە دەچێتە ریزی ئەو پێشێلکارییە نەژمێردراوانەی ئیسرائیل ئەنجامی داون."
 
ئەو چالاکڤانە لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئازار و ناڕەحەتییەک "بەراورد ناکرێت بەوەی فەڵەستینیەکان پێیدا تێدەپەڕن." جەختی لەوەش کردەوە، "ئەوەی روودەدات لە غەززە جینۆساید و برسیکردنێکی بە سیستمی" خەڵکی ئەو ناوچەیەی فەلەستینە.
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل بە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکەن.
 
لەنێو بەلەمەکەدا 12 چالاکڤان هەبوون کە پێنجیان فەرەنسی بوون.
 
تورکیا دەستبەسەرداگرتنەکەی وەکو "هێرشێکی قێزەون" سەرکۆنە کرد و ئێرانیش بە "جۆرێک لە چەتەگەریی دەریایی" لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ناویبرد.
 
رۆژی یەکشەممە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، گەمارۆکە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی چەک بە غەززە، پێویستە.
 
تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی گرووپەکە بۆ سەر خاکی بەرامبەر دەستیپێکرد. دواتر، ئیسرائیلیش دەستی بە هێرش و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە کرد. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەی حەماس هەزار و 219 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. بە گوێرەی تەندروستی غەززەش، تاوەکو ئێستا 54 هەزار و 981 فەڵەستینی کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو دانیشتووانی کەرتی غەززەی بە برسی داناوە. 
 
تونبێرگ رەخنەی گەورەی لە وڵاتانی جیهان گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی لەئاست ئەوەی لە غەززەدا روودەدات بێدەنگن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە