زیاتر لە 300 کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل نیگەرانن

10-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 300 کارمەند و بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەڵێن، لە کارەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و بەردەوامیی فرۆشتنی چەکی وڵاتەکەیان بە تەلئەڤیڤ نیگەرانن.
 
رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، رۆژی 16ی ئایاری ئەم ساڵ زیاتر لە 300 کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نامەیەکیان بۆ دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لەبارەی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل ناردووە.
 
تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد. بەگوێرەی تەندروستی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 54 هەزار و 927 فەلەستینی کوژراون.
 
کارمەندەکان لە نامەکەیاندا گوتوویانە، "تەممووزی 2024، کارمەندان نیگەرانییان سەبارەت بە پێشێلکاریی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیل و ئەگەری بەشداریی حکومەتی بەریتانیا لەو تاوانەدا پیشانداوە." ئاماژە بەوەش دەکەن، کوشتنی کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان، سنووردانان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و ئەو تووندوتیژییانەی لەلایەن جووەکانی کۆمەڵگەکان لە کەرتی رۆژئاوا دەکرێن، پێشێلکارییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە زەقتر کردوونەتەوە.
 
بەگوێرەی نامەکە، حکومەتی بەریتانیا بەشدارە لە "زیانگەیاندن بە بەها جیهانییەکان"، ئەوەش لە رێگەی فرۆشتنی چەکەوە بە ئیسرائیل.
 
ئەیلوولی 2024 کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە 350 مۆڵەتی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل 30یانی راگرت. ئەو کات ستامەر گوتی، ئەو کارەی بەهۆی ئەگەری بەکارهێنانی ئەو چەکانەیە لە دژی خەڵکی مەدەنیی غەززە.
 
لە تشرینی یەکەمی 2023وە بەریتانیا لانیکەم بایی 320 ملیۆن دۆلار چەکی بە ئیسرائیل فرۆشتووە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی سیاسەتی وڵاتەکەی بۆ فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە یەکەم رۆژی جەنگی غەززەوە حکومەتی وڵاتەکەی رێگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی لە غەززەی کردووەتە بنەما بۆ فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل.
 
بەشێک لەوانەی نامەکەیان بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ناردووە بەرپرسی باڵای وەزارەتەکەن؛ دوویان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە، ئەگەر گوێیان بۆ نەگیرێت.
 
جەنگەکە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا هەزار و 219 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتەر گیران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە