رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سووتانی کارگەیەک لە شاری دەککای بەنگلادیش، دەیان کرێکار بوونە قوربانی لەنێویاندا منداڵ هەن.
ئاگرەکە لە کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی و شەربەت کەوتووەتەوە. بەهۆیەوە 52 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیەکیان منداڵن. زیاتر لە 30 کەسیش برینداربوون.
پۆلیسی دەککای پایتەخت رایگەیاند لە نهۆمی سەرەوەی کارگەکە تەرمی 48 کەس دۆزراونەتەوە، کە بەشێکیان منداڵ بوون و تەمەنیان لە 11 ساڵ کەمتر بووە، راشیگەیاند لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەرگاکانی کارگە داخراو و قوفڵ بوون و پێدەچێت کرێکارەکان دەرفەتی چوونەدەرەوەیان نەبووبێت.
کارگەکە پڕ بووە لە پێکهاتەی پلاستیکی کە بەخێرایی گڕ دەگرن، ئەوەش وایکردووە ئاگرەکە بە هەموو کارگەکەدا تەشەنەبکات. زیاتر لە یەک رۆژی خایاندووە تاوەکو ئاگرەکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکراوە.
لەدوای لێکۆڵینەوەکان، پۆلیسی دەککا رایگەیاند خاوەن کارگەکە و حەوت کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکراون.
سەرۆکی پۆلیسی دەککا رایگەیاند، لەنێو کارگەکەدا هیچ رێکارێکی تایبەت بە پاراستنی ژیانی کارمەند و کرێکاران نەگیراوەتەبەر و سەرجەم دەرگاکان قوفڵ درابوون. گوتیشی، ئەمەی کە روویداوە دەکەوێتە چوارچێوەی کوشتنی بە ئەنقەست، هەر بۆیە خاوەن کارگەکە و چەند بەرپرسێکی دیکە دەستگیرکراون.
بەنگلادیش یەکێکە لە وڵاتانی ئاسیا، کە کەمترین رێنمایی سەلامەتی لەنێو کارگە و دامەزراوەکانیدا جێبەجێ دەکرێت.
لە ساڵی 2013 باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمی رووخا و هەزار و 100 کەس بوونە قوربانی. لە مانگی شوباتی 2019ش، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە و 70 کەس بوونە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ