رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری دەم پارتی لە ئەنجوومەنی ئەورووپا دەڵێت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، رۆژنامەڤانان و پەرلەمانتارانی ئەورووپی لە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە ئامادە دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چەکدانانەکە، بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی گوشار دەخرێتە سەر تورکیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-07-2025، فایەق یاغیزئای، نوێنەری پارتی دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنجوومەنی ئەورووپا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت، رایگەیاند، ''نەوەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لە زۆر شوێنەوە ژمارەیەکی زۆر شاندی نێودەوڵەتی خوازیارن لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بن.''
بەگوتەی فایەق یاغیزئای، لە پەرلەمانی ئەورووپا هەوڵی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری هەیە و ''ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانیش خوازیار بوون بەشدار بن لە رێوڕەسمی چەکداناندا، بەڵام لەبەرئەوەی دانیشتنی پەرلەمان هەیە، نەیانتوانی.''
ئەو نوێنەرەی دەم پارتی لە ئەنجوومەنی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، ''زانیاریمان هەیە کەسانی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپییەوە لە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەدا بەشدار دەبن. لەوانەش سەرۆکی پارتەکان، رۆژنامەڤان، پەرلەمانتاران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.''
سبەی 11ـی تەمووز، بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەریدا چەک دابنێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمەکە لە سنووری بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
وەک فایەق یاغیزئای دەڵێت، لە یەکێتیی ئەورووپا، راگرتنی شەڕ لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بە هەنگاوێکی مێژوویی دەزانن و ''دەڵێن دەبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، بۆیە لە پەرلەمان پێشوازییەکی زۆر ئەرێنییان لە پڕۆسەکە کردووە''.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەمموزی 2025، دوای نزیکەی 27 ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکرایەوە کە لە 19 ـی حوزەیرانی رابردوودا تۆمار کرابوو.
لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان باس لە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" دەکات و دەڵێت، "لەو قۆناخەی پێی گەیشتووین، پێویستی بەوەیە بە ھەنگاوی نوێ بچینە بواری پراکتیکەوە. من باوەڕم بە ھێزی سیاسەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ھەیە، نەک چەک. بانگەواز لە ئێوەش دەکەم ئەم بنەمایە جێبەجێ بکەن.''
ئەو نوێنەرەی ئەنجوومەنی ئەورووپا دەڵێت، ''ئێستا بە شێوەیەکی دیکە هەوڵی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەدرێت کە هەن، ئێمەش لەم شەڕەدا باجێکی گەورەمان داوە، بەڵام پێمان وایە کە هەوڵەکانمان بەفیڕۆ نەچوون.''
بەگوتەی فایەق یاغیزئای، ئێستا دەست بە خەباتێکی نوێ دەکرێت و بە تێکۆشانی قۆناخی رابردوویان، ''دان بە بوونی گەلی کورددا نرا و بناخەیەک بۆ پاراستنی پێکهات، بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ وەک ئەکتەرێکی زۆر گرنگ هەژمار دەکرێت''.
ئەو نوێنەرەی دەم پارتی لە ئەنجوومەنی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداریی رێوڕەسمەکە ناکەن، ''بەڵام هەفتەی داهاتوو لەسەر چەکدانانەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە پەرلەمان ساز دەکرێت، هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن، پشتیوانیی خۆیان دەردەبڕن و لە بانگەوازییەکدا داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت کە بەگوێرەی پێویست هەنگاو بنێت، هەروەها لە بانگەوازییەکدا داوا لە یەکێتیی ئەورووپا و تەواوی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت کە لەم پرۆسەیەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن.''
بەگوتەی فایەق یاغیزئای، دوای چەکدانانی پەکەکە، دەکرێت گوشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتەکە و زیندانییانی سیاسیی دیکە، هەروەها راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان.
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی" ناودەبرێت.
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ