رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتن لەسەر پلانێکی تاقیکاری بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیزەوە دەپەڕنەوە بۆ فەرەنسا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا بەهۆی نەبوونی کۆنترۆڵێکی بەهێز لەسەر سنوورەکانی، رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە لەندەن رێککەوتنەکەیان راگەیاند.
وردەکاریی رێککەوتنەکە
لە سەرەتادا، پلانەکە هەفتانە تەنیا 50 کەس دەگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی بەریتانیا بە پێشهاتێکی گەورەی دادەنێن، چونکە رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا، بگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بەریتانیا بەشێک لەو کۆچبەرانە دەنێرێتەوە بۆ فەرەنسا و لە بەرامبەریشدا بەشێک لەو کۆچبەرانە وەردەگرێت کە داواکارییان بۆ مانەوە لەو وڵاتە لەلایەن دادگەوە بە شایستە دادەندرێت.
ستامەر گوشاری بۆ ئەم رێککەوتنە کردووە بەو هیوایەی ببێتە هۆی بێهیواکردنی کۆچبەران لە ئەنجامدانی ئەو پەڕینەوە مەترسیدارە لە نۆکەندی ئینگلیز و "شکست بە مۆدێلی بازرگانیی" قاچاخچییەکانی مرۆڤ بهێنێت.
کێشەیەکی لەمێژینە
پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز کێشەیەکی لەمێژینەیە بۆ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا و فەرەنسا. هەرچەندە بەریتانیا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ژمارەیەکی کەمتری داواکارانی مافی پەنابەری وەردەگرێت، بەڵام ساڵانە هەزاران کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و پڕسەرنشینەوە لە باکووری فەرەنساوە دەپەڕنەوە.
نزیکەی 37 هەزار کەس لە ساڵی 2024دا نۆکەندەکەیان بڕیوە و زیاتر لە 20 هەزار کەسیش لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا پەڕیونەتەوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، نزیکەی 50% زیادیکردووە. دەیان کەسیش لە هەوڵی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئینگلتەرا گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر حکومەتی پێشووی پارێزگارانی بەریتانیا پلانی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەبوو، بەڵام پلانەکە کە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، لەلایەن ستامەرەوە هەڵوەشێندرایەوە دوای ئەوەی لە تەممووزی 2024 پۆستەکەی وەرگرت. حکومەتی نوێی بەریتانیا سەرکەوتنی خۆی بەستووەتەوە بە هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ