راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ ترەمپ: لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەگەڵ ئەوروپییەکان بمێنەوە

10-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا "لەگەڵ ئەوروپییەکان"بمێنێتەوە و هاوکات بەهۆی رێگریکردن لە پاکێجی نوێی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دژی رووسیا، رەخنە لە سلۆڤاکیا دەگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 10-07-2025 لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە رۆما، مێرتز پەیامێکی بۆ "واشنتن دی سی و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ" نارد و گوتی، "لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ ئەورووپییەکان بمێننەوە، ئێمە لەسەر هەمان هێڵین و بەدوای سیستمێکی سیاسیی سەقامگیردا دەگەڕێین لەم جیهانەدا."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا پەیامێکی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نارد و رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتەکەی دژی ئۆکراینا، کۆڵنادەین.
 
مێرتز ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر داواکارییەک بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریکی بۆ ئۆکراینا، لەگەڵ ترەمپ لە گفتوگۆدا بووە، تاوەکو یارمەتیی ئەو وڵاتە بدات خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بپارێزێت.
 
مێرتز ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەر ئەوەی ئەمریکییەکان خۆیان پێویستیان پێیانە، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە لە "کۆنفرانسی بووژاندنەوەی ئۆکراینا" بەشداربوو، کە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەیە و ئامانج لێی کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی و کەرتی تایبەتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا، لە کاتێکدا جەنگ لەگەڵ رووسیا بەردەوامە.
 
پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کیێڤ لەدوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمەوە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی، هەوڵی نزیکبوونەوەی لە مۆسکۆ داوە، بەڵام ئەم هەفتەیە ترەمپ رایگەیاند، پووتین لەبارەی ئۆکرایناوە "زۆر قسەی قۆڕ و پووچ" دەکات.
 
رەخنەکانی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە هات کە رایگەیاند چەکی زیاتر بۆ ئۆکراینا دەنێرێت، ئەمەش پێچەوانەی راگەیێنراوەکەی هەفتەی رابردووی واشنتن بوو کە بڕیاری راگرتنی هەندێک لە چەکەکانی دابوو.
 
مێرتز گوتی، پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کیێڤ "بەردەوامە" و ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکاری بۆ پاکێجێکی نوێی سزا دژی رووسیا دەکەن. گوتیشی: "تەنیا یەک وڵاتی ئەندام ماوە بۆ ئەوەی لەسەری رێکبکەون. بەپەلە داوا لە سلۆڤاکیا و سەرۆکوەزیرانەکەی دەکەم واز لەم دژایەتییە بهێنن."
 
رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بە لایەنگریکرنی رووسیا بەناوبانگە و تاکە سەرکردەی یەکێتیی ئەورووپا بوو کە لە مانگی ئایاردا بەشداریی لە یادی جەنگی جیهانیی دووەم لە مۆسکۆ کرد و لەوێ لە کرێملین چاوی بە پووتین کەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە