رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی ئەورووپا داوایان کرد "گوشاری زیاتر" بخرێتە سەر رووسیا، ئەمەش دوای راگەیاندنی لووتکەیەکی ترەمپ و پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، کە نیگەرانیی دروستکردووە لەوەی رێککەوتنەکە کیێڤ ناچار بکات دەستبەرداری بەشێکی بەرفراوانی خاکەکەی بێت.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەینیی داهاتوو لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا کۆدەبنەوە، وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئۆکراینا و ئەورووپا، کە پێویستە کیێڤ بەشێک بێت لە دانوستاندنەکان.
هەفتەی رابردوو لە کاتی راگەیاندنی لووتکەکەدا، ترەمپ گوتی: "گۆڕینەوەی هەندێک خاک لە بەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت،" بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
بەڵام ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی رۆژی شەممە هۆشداری دا کە ئۆکراینا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی خاک بەدەست رووسیاوە نادات.
زیلینسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئۆکراینییەکان خاکی خۆیان نادەنە دەست داگیرکەر."
هەروەها گوتی: "هەر بڕیارێک دژی ئێمە، هەر بڕیارێک بێ ئۆکراینا، بڕیارێکە دژی ئاشتیش."
زیلینسکی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوای لە هاوپەیمانانی ئۆکراینا کرد "هەنگاوی روون" بنێن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.
سەرکردەکانی ئەورووپا شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "تاکە رێگە کە بتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەوەیانە کە دیپلۆماسیی کارا، پاڵپشتی بۆ ئۆکراینا و گوشار لەسەر رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە نایاساییەکەی پێکەوە لەخۆبگرێت."
ئەوان پێشوازییان لە هەوڵەکانی ترەمپ کرد و رایانگەیاند، ئامادەن لە رووی دیپلۆماسییەوە یارمەتیدەر بن؛ ئەمەش لە رێگەی بەردەوامبوون لە پاڵپشتیی ئۆکراینا و هەروەها جێبەجێکردن و سەپاندنی سزا دژی رووسیا.
لە راگەیێندراوەکەدا، کە لەلایەن سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، بەریتانیا، فینلاند و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاوە واژۆ کراوە، هاتووە: "پێویستە هێڵی ئێستای بەرکەوتن خاڵی دەستپێکی دانوستاندنەکان بێت،" بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدەن.
هەروەها رایانگەیاندووە، چارەسەر "دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییە گرنگەکانی ئۆکراینا و ئەورووپا بپارێزێت،" لەنێویاندا "پێویستی بە گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز و باوەڕپێکراو کە رێگە بە ئۆکراینا بدات بەشێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکات." ئاماژەیان بەوەشکرد، "رێگەی ئاشتی لە ئۆکراینا ناتوانرێت بێ ئۆکراینا دیاری بکرێت."
رۆژی شەممە، راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیی هاوپەیمانانی کیێڤ، لەنێویاندا ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا، لە بەریتانیا کۆبوونەوە بۆ یەکخستنی بۆچوونەکانیان پێش لووتکەی پووتین و ترەمپ.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ زیلینسکی، ستامەر و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، گوتی: "چارەنووسی ئۆکراینا بێ ئۆکراینییەکان دیاری ناکرێت" و پێویستە ئەورووپاش لە دانوستاندنەکاندا بەشدار بێت.
زیلینسکی لە گوتاری ئێوارەی رۆژی شەممەدا جەختی کردەوە: "پێویستە کۆتاییەکی راستگۆیانە بەم شەڕە بهێنرێت و ئەوە رووسیایە کە دەبێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە خۆی دەستیپێکردووە."
"ئاشتییەکی شکۆمەندانە"
ئەم ساڵ سێ خولی دانوستاندن لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا هەبوون و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
لەوکاتەوەی رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، دەیان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
پووتین، ئەفسەری پێشووی کەی جی بی کە زیاتر لە 25 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، گفتوگۆی لەگەڵ زیلینسکی لەم قۆناخەدا رەتکردووەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا هەوڵی بۆ لووتکەیەکی سێقۆڵی داوە و پێیوایە کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین تاکە رێگەیە بۆ پێشکەوتن بەرەو ئاشتی.
لووتکەکەی ئالاسکا، ئەو هەرێمەی ئەوپەڕی باکوور کە رووسیا لە ساڵی 1867 بە ئەمریکای فرۆشت، یەکەم لووتکە دەبێت لەنێوان سەرۆکانی ئێستای ئەمریکا و رووسیا لەوکاتەوەی جۆ بایدن لە حوزەیرانی 2021 لە جنێڤ لەگەڵ پووتین کۆبووەوە.
نۆ مانگ دوای کۆبوونەوەکەی جنێڤ، مۆسکۆ هێزەکانی رەوانەی ئۆکراینا کرد.
زیلینسکی لەبارەی شوێنی کۆبوونەوەکەوە گوتی: "زۆر دوورە لەم شەڕەی کە لەسەر خاکی ئێمە و دژی گەلی ئێمە بەردەوامە."
کرێملین رایگەیاند، هەڵبژاردنی شوێنەکە "لۆجیکییە" چونکە ئەو ویلایەتە نزیکە لە جەمسەری باکوور و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات و لێرە "بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان یەکدەگرنەوە."
مۆسکۆ هەروەها ترەمپی بانگهێشت کردووە لە داهاتوودا سەردانێکی هاوشێوە بۆ رووسیا بکات.
ترەمپ و پووتین دوایین جار لە ساڵی 2019 لە کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی 20 لە ژاپۆن لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا پێکەوە دانیشتن. لە مانگی کانوونی دووەمەوە چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، بەڵام ترەمپ نەیتوانیوە سەرکەوتووانە ئاشتی بۆ ئۆکراینا بەدەستبێنێت، وەک بەڵێنی دابوو.
شەڕ بەردەوامە
رووسیا و ئۆکراینا لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی بەردەوام بوون و دەیان درۆنیان ناردە سەر پێگەکانی یەکدی.
لە شاری خێرسۆنی بەرەی پێشەوەی ئۆکراینا، پاسێک کە هاووڵاتیی سڤیلی هەڵگرتبوو، کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
سوپای رووسیا رایگەیاند، گوندی یابلۆنۆڤکایان کۆنترۆڵکردووە کە گوندێکی دیکەی دۆنێتسکە، ئەو هەرێمەی کە بووەتە شوێنی تووندترین پێکدادانەکان لە رۆژهەڵات و یەکێکە لەو پێنج هەرێمەی پووتین دەڵێت بەشێکن لە رووسیا.
لە ساڵی 2022، کرێملین لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکراینای راگەیاند، دۆنێتسک، لوهانسك، زاپۆریژیا و خێرسۆن، سەرەڕای ئەوەی تەواوی سنوورەکەیان کۆنترۆڵ نەکردبوو.
وەک پێشمەرجێک بۆ هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، مۆسکۆ داوای لە کیێڤ کرد هێزەکانی لەو هەرێمانە بکشێنێتەوە و پابەند بێت بە بوونە وڵاتێکی بێلایەن، واز لە پاڵپشتیی سەربازیی رۆژئاوا بهێنێت و لە ئەندامبوون لە ناتۆ دووربخرێتەوە.
کیێڤ رایگەیاند، هەرگیز دان بە سەروەریی رووسیا بەسەر خاکی ئۆکراینیدا نانێت، هەرچەندە دانی بەوەدانا کە وەرگرتنەوەی ئەو خاکانەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراون، دەبێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، نەک لە گۆڕەپانی جەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ