رووداو دیجیتاڵ
چەندین مانگ بوو بەکارهێنەرانی ChatGPT چاوەڕێی نوێترین وەشانی بەرنامەکەیان دەکرد. دواجار رۆژی پێنجشەممە GPT-5 راگەیێنرا، بەڵام 24ی کاژێری نەخایاند، هەرای نایەوە، چونکە بەشێکی بەکارهێنەران پێیانوایە ژیرییە دەستکردە نوێیەکە، هێندەی کۆنەکە ژیر و زیرەک نییە.
ئەو کاردانەوانە کۆمپانیای OpenAIی خاوەنی بەرنامەکەی ناچار کرد، وەشانە کۆنەکە کە بریتییە لە ChatGPT-4o، بگەڕێنێتەوە و بیخاتەوە بەردەستی بەکارهێنەرانی، بەڵام بە مەرج.
کۆمپانیاکە وەشانی GPT-4oی بە تەواوی لە بەرنامەکەی لادابوو، هیچ رێگەیەکی بۆ بەکارهێنەر نەهێشتبووەوە بەکاریبهێنێتەوە، ئەو کارەیشی بۆ ئەوە بوو تاوەکو بوار بە بەکارهێنانی نوێترین وەشانی ژیرییە دەستکردەکەی بدات کە GPT-5ـە.
بەڵام هەر زوو ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەران دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕی و باسیان لەوە کرد، وەشانە نوێیەکە وەک کۆنەکە لە کەسایەتیی ئەوان تێناگات و شێوازی گفتوگۆکردنیشی خۆش نییە.
ناڕەزاییەکە هێندە گەورە بوو کە سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI پشتڕاستی کردەوە کە GPT-4o دووبارە دەگەڕێتەوە نێو ChatGPT، بەڵام تەنیا ئەوانەی ChatGPT Plus بە پارە بەکاردێنن، دەتوانن وەشانە کۆنەکە بەکاربهێننەوە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە GPT-5ی بەو هیوایە راگەیاند، کە باشتر لە شتەکان تێدەگات، خێراتر کاری کۆدچنین بۆ بەرنامەسازی دەکات و بابەتی دوورودرێژ جوانتر دەنووسێت.
چەند رۆژێکی کەم دوای بڵاوکردنەوەی، بەکارهێنەران یەکسەر بێهیوابوونی خۆیان نیشان دا. زۆر لەو کەسانە، وای دەبینن کە GPT-5 کەسایەتییەکی ساردوسڕ و میکانیکیی هەیە و وەک GPT-4o گەرموگوڕ و خۆشمەجلیس نییە، ئەگەر چی وەشانە نوێیەکە لە رووی تەکنیکییەوە بە هەزاران هەنگاو لە پێش کۆنەکەوەیە.
لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی Reddit، سەتان کۆمێنت لابردنی GPT-4oیان بە "لەدەستدانی هاوڕێی متمانەپێکراو"یان چوواند و هەندێکی دیکەش GPT-5یان بە "چالاک بەڵام بێگیان" ناوبرد.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسیش پڕ بوو لە تکا و پاڕانەوە بۆ گەڕاندنەوەی GPT-4o
تەنانەت هەندێکیان گوتیان، ئەگەر نەیگەڕێننەوە، بەشداریکردنی بەپارە هەڵدەوەشێننەوە.
ئاڵتمان دڵنیایی دەدات کە ئەوانەی بە پارە ChatGPT Plus بەکاردێنن، دووبارە GPT-4oیان بۆ کارا دەکرێتەوە، بەڵام تەمەندرێژییەکەی دەمێنتەوە سەر ئەوەی کە تا چەند بەکارهێنەران لە داهاتوودا لە بەکارهێنانی بەردەوام دەبن.
ئەو کاردانەوەیە نیشاندەری راستییەکە لەبارەی ژیریی دەستکرد: زیرەکی و لێهاتوویی هەموو شتێک نییە. زۆر لە بەکارهێنەران جۆرێک لە متمانە و ئاشناییان لەگەڵ هەندێ بەرنامەی دیاریکراوی ژیریی دەستکرددا دروست کردووە، تەنیا لەبەر تۆنی قسەکردن و شێوازی بیرکردنەوەیان.
GPT-4oیش ناوبانگی بەوە دەرکردووە کە رووخۆشترە، گفتوگۆی سرووشتیترە و لەوانی دوای خۆی، مرۆڤ زیاتر وابەستەی خۆی دەکات. ئەمە هەروەها پێمان دەڵێت کە چۆن ژیریی دەستکرد بوونەتە هاوەڵی رۆژانەی مرۆڤ و گۆڕینیان بە شەو و رۆژێک، رەنگ بۆ زۆر کەس، شتێکی ناخۆش و نامۆ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ