دوای رێککەوتن لەگەڵ ئازەربایجان؛ ئەرمەنییەکان لەنێوان هیوا و گوماندا ماونەتەوە

10-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەقامەکانی یەریڤان بەهۆی گەرمای هاوینەوە نیمچە چۆڵن، بەڵام لە پارک و نزیک نافوورە و بەر سێبەرەکان، ئەرمەنییەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە ئەو رێککەوتنەی هەینی لە واشنتن واژۆ کرا، چ واتایەکی بۆ ئەوان هەیە.
 
رۆژی هەینی، سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، دوو وڵاتی قەوقاز کە لە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە لەسەر خاک دەستیان لە قورگی یەکدی گیرکردبوو، بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و دەستلەملانێی ئاشتی بکەن.
 
بەڵام لە یەریڤان، کەمن ئەوانەی پەرۆش و دڵگەرمی رێککەوتنەکەن. 
 
"قبووڵکراوە"
 
خانەنشینێکی تەمەن 81 ساڵ بە ناوی ئاساتور سراپیان گوتی: "ئەوە شتێکی باشە کە ئەم بەڵگەنامەیە واژۆ کرا، چونکە ئەرمینیا هیچ بژارەیەکی دیکەی نییە."
 
ئەو پێیوایە ئەرمینیا بەم رێککەوتنە زۆری بەدەست نەهێناوە، بەڵام هەنگاوێکە بە ئاراستەی دروستدا. گوتیشی: "ژمارەمان زۆر کەمە، سوپایەکی بەهێزمان نییە، هاوپەیمانێکی بەهێزمان لە پشت نییە، بە پێچەوانەی ئازەربایجانەوە. ئەم رێککەوتنە دەرفەتێکی باشە بۆ ئاشتی."
 
مارۆ هونیان، کچێکی تەمەن 31 ساڵە کە ئارەزووی بواری دیپلۆماسیی هەیە، پەیماننامەکە بە "قبووڵکراو" دەزانێت، بە مەرجێک دژی دەستووری وڵاتەکەی نەبێت.
 
ئەو دەڵێت، "ئەگەر ئازەربایجان رێز لە هەموو رێککەوتنەکان بگرێت، ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. بەڵام دڵنیا نیم لەوەی ئایا بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات و رێز لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە دەگرێت یان نا."
 
"سازشی بێ کۆتا"
 
بەڵام ئەناهیت ئیلاسیانی تەمەن 69 ساڵ، دژی رێککەوتنەکەیە و بەتایبەتی دژی ئەو پلانەیە کە ناوچەیەکی پێداگوزەر (ترانزێت) بەنێو ئەرمینیادا دروستبکرێت بۆ بەستنەوەی هەرێمی نەخچیڤان بە بەشەکانی دیکەی خاکی ئازەربایجانەوە.
 
ئەو روونیکردەوە: "ئێمە بە کردەوە کۆنترۆڵی خاکەکەمان لەدەستدەدەین. وەک ئەوە وایە لە شووقەکەی خۆمدا، پێویست بکات پرسیار لە بێگانەیەک بکەم ئایا دەتوانم لە ژوورێکەوە بچمە ژوورێکی دیکە."
 
هەروەها هیوادارە رووسیا، کە سەرەڕای گرژییەکانی ئەم دواییە هاوپەیمانی ئەرمینیایە، لە ناوچەکە دەرنەکرێت.
 
ئەناهیت رەخنە لە نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەگرێت کە "لە بری هەمووان بڕیار دەدات" و "سازشی بێ کۆتا بۆ ئازەربایجان دەکات."
 
خانمەکە بە تووڕەییەوە گوتی: "لە بەرامبەردا هیچمان وەرنەگرت، نە دیلەکانمان، نە خاکە داگیرکراوەکانمان، هیچ. ئەوە تەنیا پارچە کاخەزێکە بۆ ئێمە."
 
شاڤارش هۆڤهانیسیان، ئەندازیارێکی بیناسازیی تەمەن 68 ساڵ، هاوڕایە و دەڵێت رێککەوتنەکە "تەنیا رێکارێکی کارگێڕییە کە هیچ بۆ ئەرمینیا ناهێنێت."
 
هۆڤهانیسیان جەختی کردەوە، "ناتوانین متمانە بە ئازەربایجان بکەین" و پاشینیانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "پشتی لە رووسیا و ئێران کردووە." گوتیشی: "ئەوە زیاتر بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانە نەک پەیماننامەی ئاشتی، لە کاتێکدا ترەمپ تەنیا بیر لە ناوبانگی خۆی و خەڵاتی نۆبڵ دەکاتەوە."
 
"سەقامگیریی زیاتر... لە ماوەیەکی کورتخایەن"
 
بە گوتەی ترەمپ، ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندبوون "بۆ هەمیشە هەموو شەڕێک رابگرن؛ بازرگانی، گەشتوگوزار و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستپێبکەنەوە و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن."
 
بە بڕوای ئۆلێسیا ڤارتانیان، توێژەری سەربەخۆ و پسپۆڕی کاروباری قەوقاز، رێککەوتنی واشنتن "بێگومان سەقامگیریی زیاتر و گەرەنتیی زیاتر بۆ مانگەکانی داهاتوو، ئەگەر نەڵێین ساڵانی داهاتوو، دابین دەکات."
 
بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، گوتی: "دەترسم کە ناچاربین تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورتخایەن پلان دابنێین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا