رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ بە یەک بەرد پێنج شەش چۆلەکە دەکوژێت، کشومات بە هەژموونی رووسیا لە نێوماڵی سۆڤیەتی جاران دەکات و ناوی خۆی بە پیتی گەورە لەسەر نەخشەی قەوقازی باشوور دەنووسێت. هەر بەو هەنگاوەی دەمارێکی دیکەی ئابووریی ئێران وشک دەکات و هەنگاوێکی دیکە بەرەو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەنێت.
ئەمانە زانیارین لەبارەی ئەو رێگەیەی کە بەناوی ترەمپەوە بەنێو جەرگەی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دەڕوات، "رێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێودەوڵەتی،" ناوی رێگەکەیە.
رێڕەوەکە لەودیوی ئازەربایجانەوە بە نێو خاکی ئەرمینیادا دەڕوات و دەگاتەوە بە نەخچیڤان، واتە دوو بەشی خاکی ئازەربایجان پێکەوە دەبەستێتەوە. خودی رێڕەوەکە بەرهەمی نێوەندگیریی ئەمریکا بوو لەنێوان دوو دراوسێ کە چوار دەیە بوو کەوتبوونە گیانی یەکدی.
ئەرمینیا و ئازەربایجان 8ی ئاب لە کۆشکی سپی واژۆیان لەسەر رێڕەوەکە کرد. ئەو رێڕەوە، هێڵی شەمەندەفەر، بۆری نەوت و گاز، رێگەی خێرای ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و هێڵی فایبەر ئۆپتیک لەخۆدەگرێت.
قازانجی ئەمریکا چییە؟
ئینجا چی نییە! مافی پەرەپێدان و گەشەپێدانی رێڕەوەکە بۆ 99 ساڵ تەنیا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان پارێزراوە، واتە بێ ئەوان، دارێک لەسەر بەردێک دانانرێت.
هەروەها سوودی بۆ ناوچەکەش هەیە، چاوەڕوان دەکرێت رێڕەوی ترەمپ ساڵانە 50 تا 100 ملیار دۆلار بخاتە نێو ئابووریی ناوچەکە و جیهانەوە. لە رێگەی قەوقازی باشوورەوە، رێڕەوەکە ئەورووپا بە نێوەڕاستی ئاسیاوە دەبەستێتەوە.
بۆ ئەرمینیا کە هەر چوار لای وشکانییە و دەرەچەیەکی دەریایی نییە، تێچووی گواستنەوەی کاڵا و شمەک، 10٪ تا 15٪ کەم دەکاتەوە. رێڕەوەکە هەروەها دەبێتە پردی ئاشتی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، کۆتایی بە جەنگێکی خوێناویی 35 ساڵی دێنێت و دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم نوێبوونەوەی جەنگ.
لە بەرامبەر رێڕەوەکە، ئەرمینیا بەڵێنی پاراستنی سەروەریی وەرگرتووە و ئازاربایجانیش پەیمانی رێگەیەکی سەلامەت و قەدبڕی بەرەو نەخچیڤان.
رێڕەوەکە زۆر زیاترە لەوەی تەنیا رێگەیەکی بازرگانی بێت، هاوکێشەی جیۆسیاسیی ناوچەکەش دەگۆڕێت. رێڕەوەکە رێگە بە ئەرمینیا و ئازەربایجان دەدات، چیدیکە وەک جاران پێویستیان بە رووسیا و ئێران نەبێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا بەهێزتر دەبێت.
هەر ئەم رێککەوتنی ئاشتییە بە سپۆنسەریی ئەمریکا و کردنەوەی رێڕەوی ترەمپ، رووسیای وەک هێزێکی ناوبژیوانی ناوچەکە، لە یاریگەکە دوورخستەوە.
هەروەها رێڕەوەکە بە کردنەوەی رێگەی بازرگانی جێگرەوە، دەبێتە رکابەرێک بۆ دەستپێشخەری رێگە و پشتێنی چین کە بە رێگەی ئاوڕیشمی نوێ ناودەبرێت.

کۆمپانیا ئەمریکییەکان قازانج دەکەن. گرێبەستی دروستکردنی ژێرخانەکە بۆ ئەوان دەبێ. پڕۆژەکانی وزە و رێگەیەکی گرنگی بازرگانیی ئۆراسیایان دەکەوێتە دەست.
ئەمە بۆ ترەمپ سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بوو. لە خەونی بەدەستهێنانی نۆبڵی ئاشتی، نزیکتری کردەوە.
لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، هەژموونی رووسیا لە قەوقازی باشوور کەمبووەتەوە. رێڕەوی ترەمپ وا دەکات ئەو رۆڵەی جاران مۆسکۆ لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دەیگێڕا، نەمێنێت.
رێڕەوی ترەمپ، رێگەیەکی بازرگانیی نێودەوڵەتیی رووسیاش بێ بایەخ دەکات، کە ئەویش رێڕەوی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی باکوور- باشوورە. رووسیا پێشنیازی کردبوو لە وڵاتەکەیەوە بڕوات بۆ ئازەربایجان و لەوێشەوە بەنێو ئێراندا بڕوات تاوەکو لە گەرووی هورمز دەگاتەوە بە دەریا.

لە لایەکی دیکەوە، بە دوورکەوتنەوەی ئەرمینیا لە رووسیا، کرێملین هاوپەیمانێکی سەرەکی لە قەوقاز لەدەست دەدات.
ئێران بە تووندی لە دژیەتی
ئەوە بێ هۆکار نییە. رێڕەوەکە بەسەر سنووری نێوان ئەرمینیا و ئێراندا دەڕوات، کە ئەمەش ئێران دەخاتە بەردەم ئەگەری کراوەی هەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە نزیک خاکی ئێران.
ئەوە پڕۆژەیەکی ئێرانیش تێکدەدات. ئەو وڵاتە پلانی وابوو رێڕەوێک بە ناوی رێڕەوی ئاراس بکاتەوە، کە لە خاکی ئازەربایجانەوە دێت و بەنێو ئێراندا دەڕوات بۆ ئەوەی دواتر لەوسەرەوە بگاتەوە بە نەخچیڤان.

رێڕەوەکەی ترەمپ وا دەکات ئەو رێگە ئێرانییە هیچ کاروانێکی پێدا نەڕوات و داهاتەکەی وشک بکات. تاران رێڕەوی ترەمپ بە هەوڵێکی هاوبەشی ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا بۆ گەمارۆدانی ئێران و لاوازکردنی هاوپەیمانییە هەرێمییەکانی دەبینێت.
رێڕەوی ترەمپ، بۆ هەندێک دەرفەت، بۆ هەندێک نەفرەت و بۆ هەندێکیش گۆڕەپانی جیۆسیاسەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ