رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشبینی دەکات سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی رووسیا ئامادەبێت کە بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە لە ئەمریکا سەبارەت بە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "هیواخوازین و پێشبینی دەکەین کە حکومەتی ئۆکراینا بەتایبەت سەرۆک زیلینسکی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات". دەشڵێت، بەرلین کار لەگەڵ واشنتن دەکات بۆ دڵنیاییدان لە بەشداریکردنی زیلینسکی لەو گفتوگۆیانەدا.
بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا کۆبوونەوەیەک لەنێوان ترەمپ و پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بکرێت. تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی بەشداربوونی هیچ سەرکردەیەکی دیکە نەدراوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی، "ناتوانین بە هیچ جۆرێک قبووڵی بکەین بریار لەبارەی خاکەوە لە نێوان رووسیا و ئەمریکا بدرێت یان گفتوگۆی لەبارەوە بکەن بەبێ بەشداری سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکراینا". ئاماژەی بەوەش کرد، "پێموایە حکومەتی ئەمریکاش هەمان بۆچوونی هەیە".
راوێژکاری ئەڵمانیا هیوای خواست کۆبوونەوەکەی هەینی ببێتە هۆی پێشکەوتن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەمە لەکاتیکدا ئەمساڵ سێ کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا کراوە بەبێ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست.
شوباتی 2022، رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا و دواتر جەنگ لەنێوانیان دروستبوو. پرسەکانی بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ، داهاتووی ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراون و ئاسایشی ئۆکراینا دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان کیێڤ و مۆسکۆن بۆ ئاگربەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ