رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا سەرکۆنەی ئێرانیان کرد بەوەی مووشەکی بالیستی بە رووسیا دەدات بۆئەوەی لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا بەکاریبهێنێت، هەروەها بەو هۆیەوە ژمارەیەک سزایان خستە سەر ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024 لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەر سێ وڵاتەکە ئێرانیان بە پێدانی مووشەکی بالیستی بە ئێران تۆمەتبار کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، "ئێمە هەنگاوی خێرا دەنێین بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە دوولایەنەکانی خزمەتگوزاریی ئاسمانی لەگەڵ ئێران."
لە راگەیێندراوەکەی سێ وڵاتەکەدا هاتووە، بەڵگەی تەواویان هەیە کە ئێران مووشەکی بالیستیی بۆ رووسیا گواستووەتەوە.
هەرسێ وڵاتەکە لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتریان بەسەر ئێراندا کرد و گوتیان، "کار دەکەین بۆئەوەی سزا بخەینە سەر هێڵی ئاسمانیی ئێران."
جگە لە هەڵوەشاندنەی رێککەوتنی خزمەتگوزاریی ئاسمانی لەگەڵ ئێران و سزادانی هێڵی ئاسمانیی ئێران، سێ وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەش کرد، کار دەکەن بۆئەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە گواستنەوەی مووشەکی بالیستیی دروستکراوی ئێران بۆ رووسیا هەیە، بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە لەندەن، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە مووشەکی بالیستی بە رووسیا دەدات بۆئەوەی دژ بە ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێستا رووسیا ئەو مووشەکە بالیستییانەی پێگەیشتووە و پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت."
دوێنێ دووشەممە، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رەتی نەکردەوە مووشەکی بالیستیی کورتمەودای لە ئێرانەوە وەرگرتبێت.
هەر دوێنێ دووشەممە، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندبوو، زانیاریی هەواڵگرییان هەیە کە ئێران مووشەکی بالیستیی بە رووسیا داوە. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر زانیارییەکانیان پشتڕاست بکرێنەوە، سزای زیاتر بەسەر تاران دا دەسەپێنن.
وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هۆشدارییان بە تاران داوە بۆ ئەوەی چەک بە رووسیا نەدات.
یەکێتیی ئەورووپاش چەند جارێک لە بەرامبەر ناردنی درۆن بۆ رووسیا، سزای بەسەر ئێران دا سەپاندووە.
هەواڵی ناردنی ئەم مووشەکە بالیستییانەش لەکاتێکدایە؛ مۆسکۆ گوڕوتین بە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا دەدات و ژێرخانی گرنگی ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکات.
بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەریدا سەپێنراوە، مۆسکۆ رووی کردووەتە ئێران و کۆریای باکوور بۆ کڕینی چەک تاوەکو جبەخانەی جەنگەکەی لە دژی ئۆکراینا بەتاڵ نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ