رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەران (EUAA)، داواکارییەکانی مافی پەنابەری لە ئەورووپا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، هەرچەندە ژمارەی داواکارییەکان بە گشتی کەمبووەتەوە، بەڵام کێشە و ئاستەنگەکان بە ئاڵۆزی ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی رێگە و رێڕەوەکانی کۆچ.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە:
399 هەزار داواکاری لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ نەرویج و سویسرا تۆمارکراون، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 بە رێژەی 23% کەمیکردووە.
لە رووی پێشكێشكردنی زۆرترین داوکاریی مافی پەنابەری، چیدیکە سووریاییەکان لە پلەی یەکەمدا نایەن، بۆ یەکەمین جار و لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەی 2024، دابەزیون بۆ پلەی سێیەم؛ ڤەنزوێلییەکان خاوەن یەکەم و ئەفغانستانییەکان دووەم زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەرین.
10 وڵاتی سەرچاوەی زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەری:
ڤەنزوێلا: 49,000 داواکاریی مافی پەنابەری
ئەفغانستان: 42,000
سووریا و رۆژئاوای کوردستان: 25,000
بەنگلادش: 17,000
تورکیا: 17,000
ئۆکراینا: 16,000
پیرۆ: 11,000
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ: 9,900
کۆڵۆمبیا و نایجێریاش لە 10 یەکەمەکانن بەڵام راپۆرتەکە ژمارەکەی بە دیاریکراوی نەداوە.
وەک ژمارە، لە نێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کۆچبەر روویان تێدەکەن، فەرەنسا و ئیسپانیا پێش ئەڵمانیا کەوتوون، لە کاتێکدا وەک رێژە، یۆنان و قوبرس زۆرترین داواکارییان بەپێی ژمارەی دانیشتووان وەرگرتووە.
ئەو 10 وڵاتەی لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەرییان پێگەیشتووە :
فەرەنسا: 78,000
ئیسپانیا: 77,000
ئەڵمانیا: 70,000
ئیتالیا: 64,000
یۆنان: 27,000
نەمسا: 20,000
بەلجیکا: 19,000
هۆڵەندا: 13,000
سوێد: 12,000
پۆڵاند: 11,000
918 هەزار داواکاری بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، واتە هێشتا چاوەڕێی پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەن، ئەمانە تەنیا ئەوانەن کە لە لایەن ئەو پەناخوازانەوە پێشکێش کراون کە یەکەمجارە داوایان کردووە؛ بە گشتی لەگەڵ ئەوانەی کە پێشتر رەتکراونەتەوە و داوای تێهەڵچوونەوەیان کراوە، ژمارەکە دەگاتە 1.3 ملیۆن داواکاری کە هێشتا یەکلانەکراونەتەوە و دەبێت بڕیاریان لەسەر بدرێت.
رێژەی پێدانی مافی پەنابەری بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە و گەیشتووەتە 25%، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی ئەوەیە کە چیدیکە وەک جاران داواکاریی سووریاییەکان رایی ناکرێن، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ئەورووپی پێیانوایە لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، سووریا ئارام بووەتەوە و پاساوی پەنادانیان کەم بووەتەوە.
نزیکەی 4.5 ملیۆن ئۆکراینی هێشتا مافی پەنابەریی کاتییان هەیە، کە نزیکەی نیوەیان لە ئەڵمانیا و پۆڵەندان.
سووریا و رۆژئاوای کوردستان: دوای رووخانی ئەسەد، داواکارییەکان کەمدەبنەوە
بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە 10 ساڵ، خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گەورەترین کۆمەڵەی پەناخوازان نەبوون لە ئەورووپا. دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر لە دیمەشق، ژمارەی داواکاریی سووریاییەکان بە رێژەی 66% دابەزیوە و لە نیوەی یەکەمی 2025ـدا گەیشتە تەنیا 25 هەزار داواکاری.
لە حوزەیرانی 2025، داواکاریی سووریاییەکان بۆ 2 هەزار و 600 داواکاری کەمبوونەوە، لە کاتێکدا لە تشرینی دووەمی 2024 زیاتر لە 12 هەزار داواکاری هەبوو.
زۆر لە سووریاییەکان بڕیاری گەڕانەوەیان داوە: تاوەکو تەممووزی 2025 نزیکەی 750 هەزار کەس لە وڵاتانی دراوسێی سووریاوە گەڕاونەتەوە.
رێژەی وەرگرتنیشیان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە: تەنیا 17%ـی دۆسیەی سووریاییەکان پەسندکراون، واتە مافی پەنابەرییان پێدراوە، بەراورد بە زیاتر لە 90% لە ساڵانی رابردوودا.
لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخەکە هێشتا نادیارە. لە کاتێکدا هەندێک لە سووریاییەکانی دەرەوەی وڵات گەشبیننن بە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان، راپرسییەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە 80%ـی سوورییەکانی ئەورووپا نیازیان نییە لە ساڵی داهاتوودا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
عێراق و باشووری کوردستان: کەمبوونەوەی کۆچبەران
خەڵکی عێراق و باشووری کوردستان کە پێشتر یەکێک بوون لە گەورەترین کۆمەڵەی پەناخوازان لە ئەورووپا، ئێستا ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
ژمارەی ئەو دۆسیەیانەی لایەن عێراقییەکانەوە پێشكێش کراون، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەم بووەتەوە و رێژەی وەرگرتنیشیان زۆر بە نزمی ماوەتەوە.
نزیکەی 21%ـی ئەو داواکارییانەی کە پێشكێش کراون، دووبارەن، واتە لە لایەن ئەو کەسانەوە بووە کە پێشتر رەتکراونەتەوە.
زۆر لە عێراقییەکان هێشتا لەو وڵاتانە داوای مافی پەنابەری دەکەن کە کۆمەڵەیەکی گەورەی رەوەندی عێراقییان تێدایە، بەڵام بە گشتی، داواکارییەکانیان بەراورد بە ئەفغانستانییەکان، ڤەنزوێلییەکان و سووریاییەکان کەمیکردووە.
ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژە بەوە دەکات هێشتا هەندی هاووڵاتیی عێراق بەهۆی "ناسەقامگیرییەوە" داوای مافی پەنابەری دەکەن، بەڵام عێراقییەکان چیدیکە وەک سەردەمی شەڕی داعش (2014 -2017)، خاوەن زۆرترین داوای مافی پەنابەری نین.
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان: رێژەی وەرگرتنی نزم و گوشاری سیاسی
هەرچەندە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەوانە نین کە زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەرییان پێشكێش کردووە، هێشتاش ژمارەیەکی بەرچاوی داوکارییان لە سەرانسەری ئەورووپا بە وەڵامنەدراوەیی ماونەتەوە.
زۆربەی داواکارییەکان لەلایەن کەسانی ناڕازی لە حکومەت و ئەندامانی ئەو پێکهاتانەوە پێشكێش دەکرێن کە "رووبەڕووی سەرکوتکردن دەبنەوە".
رێژەی وەرگرتن بە نزمی ماوەتەوە: زۆر لە داواکارییەکانیان بەو پاساوانەن کە رێژەی وەرگرتنیان نزمە (واتە کەمترە لە 20%)، زۆربەیان رەتدەکرێنەوە.
بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا چاودێریی دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ناکۆکییە سیاسییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە هۆی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران.
تورکیا و باکووری کوردستان: بەرزبوونەوەیەکی کورتخایەن
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، داواکردنی مافی پەنابەری لە لایەن خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2023 بەهۆی "سەرکوتکاریی سیاسییەوە" بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببووەوە، بەڵام لەو کاتەوە جارێکی دیکە کەم بووەتەوە.
لە نیوەی یەکەمی 2025ـدا، 17 هەزار داواکاری پێشكێش کراون، واتە بەراورد بە تەواوی پار، 41٪ کەم بووەتەوە.
هێشتاش ئەو وڵاتەی کە خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەری پێشكێش دەکەن، ئەڵمانیایە، کە زۆربەیان ئەوانەن لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا ناڕازین.
رێژەی وەرگرتنیان لە سەرانسەری ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2019، 54٪یان وەرگیرابوون، بەڵام لەم ساڵدا تەنیا 12%یان وەرگیراون.
راپۆرتەکە دەڵێت، دەستگیرکردنی کەسایەتییە دیارەکان، لەوانەش ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا "ناسەقامگیریی سیاسی،" هەندێ خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا ناچار دەکات روو لە دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەکی کەمتریان روو لە ئەورووپا دەکەن.
ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداری دەدات کە سەرەڕای کەمبوونەوەی داواکارییەکان، گوشاری پەنابەران لەسەر ئەورووپا هەر بە بەرزی دەمێننەوە. لەبەر هەبوونی 1.3 ملیۆن دۆسیەی هەڵپەسێردراو و نزمترین رێژەی وەرگرتن لە مێژوودا، سیستمی پەنابەریی ئەورووپا هێشتا لەژێر گوشارێکی زۆردایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ