رووداو دیجیتاڵ
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن پێشوازی لە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کرد و لەسەر جەنگی غەززە و هێرشەکەی سەر قەتەر، رەخنەی زۆری لێگرت.
رۆژی چوارشەممە 10-09-2025 ستامەر لە داونینگ ستریت لە بەردەم کامێراکاندا تەوقەی لەگەڵ هێرزۆگ کرد و زەردەخەنەیان کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە دوای ئەوە دێت، بەم دواییانە ستامەر رەخنەی تووندتری لە ئیسرائیل و مامەڵەکەی دەگرت لە غەززە. ئەو تەنانەت ئاماژەی بەوەشدا کە دەکرێت بەریتانیا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دابنێت، ئەگەر ئیسرائیل هیچ هەنگاوێک بەرەو ئاشتی نەنێت.
گوتەبێژێکی داونینگ ستریت گوتی: "ستامەر سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی لە دەوحە کرد و گوتی، ئەمە پێشێلکارییەک بووە بەرامبەر سەروەریی وڵاتێک و هیچ یارمەتییەکی هەوڵەکانی ئاشتی نادات. سەرۆکوەزیران هەروەها نیگەرانیی زۆری خۆی لەبارەی ئەو برسێتییە بە دروستکراوە دەربڕی، کە لە غەززە هەیە، داوای لە ئیسرائیل کرد دەست بە گەیاندنی هاوکارییەکان بکاتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوەستێنێت."
هێرزۆگ گفتوگۆکەی بە "راستگۆیانە و کراوە" وەسفکرد، رەتیکردەوە هیچ قاتوقڕییەک لە غەززە هەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان برسێتیی راگەیاندووە و گوتی، ئەگەری هەیە 500 هەزار کەس تووشی برسێتیی کارەساتبار ببنەوە.
سەرۆکی ئیسرائیل هەروەها هۆشداری لە دژی هەر جووڵەیەکی تاکلایەنانە دا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین و گوتی: "ئەمە زیان بە دانوستاندنی ئاشتی دەگەیێنێت."
لە مانگی تەممووز، ستامەر گوتی، بەریتانیا لەکۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی دان بە فەلەستین دەنێن، "ئەگەر ئیسرائیل هەنگاو بەرەو ئاشتی نەنێت."
هەردوو سەرکردەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، "نابێت حەماس ببێتە بەشێک لە هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی" و داوایان کرد بارمتەکان ئازاد بکرێن.
سەرۆکایەتیی ئیسرائیل رایگەیاند: "سەرۆک ناڕەزایی خۆی لە دژی سەپاندنی سزا بەسەر تاکە وڵاتی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕی" کە مەبەستی ئیسرائیلە.
بەریتانیا سزای بەسەر بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی و ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل سەپاندووە، بە تۆمەتی "هاندنی تووندوتیژی لە دژی فەلەستینییەکان."
چەند گرووپێکی مافی مرۆڤ و سیاستەڤانێکی بەریتانیا، لەوانەش چەند ئەندامێکی پارتی کاری فەرمانڕەوا گوتیان، نەدەبوو بەریتانیا رێگە بدات هێرزۆگ پێ بنێتە وڵاتەکە.
لە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکە، خەڵک خۆپیشاندانیان کرد و هاواریان دەکرد "جینۆساید راگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ