رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکانی باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، ژمارەی پۆلیسەکانییان زیاد کردووە بۆ ئەوەی ژیانی جووەکان بپارێزن.
رێکخراوی خێرخوازیی سەلامەتیی جووەکان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا؛ تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا و بەرپرسانی پۆلیس کردووە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بۆ پاراستنی جووەکانی بەریتانیا بگیرێتەبەر.
رێکخراوەکە گوتیشی: "دڕندەیی تیرۆریستەکان لە ئیسرائیل و ئەو شەڕە حەتمییەی کە لە پێشمانە ساتێکی سەختی بۆمان دروستکردووە، بەتایبەت بۆ ئەو خێزان و هاوڕێیانەی کە لە ئیسرائیلن."
هاوکات، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە تەواوی وڵات ئاگاداری بەرپرسانی پۆلیسم کردووەتەوە، کە گەڕانی پۆلیس لەسەر شەقامەکان زیاتر بکەن و هەموو دەسەڵاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ رێگەگرتن لە نارەحەتی کۆمەڵگەکان."
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەشڵێت: "هیچ لێبووردنێکمان بۆ دژەجووەکان نییە. نابێت خۆپێشاندان، رێپێوان و بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر شەقامەکانی لەندەن هەبێت کە ستایشی تیرۆر دەکەن و دەبێتە هۆی ئازاردانی جووەکان."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن، خۆپێشاندانی لایەنگرانی فەلەستین بەڕێوەچوو و داوایانکرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە بوەستێنێت.
دوای خۆپێشاندانەکەش، لیی راولیی، وەزیری پێکهاتەکانی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "نابێت خۆپێشاندەران ستایشی هێرشەکەی رۆژی شەممەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بکەن."
راوکیی گوتیشی: "ناتوانیت لەنێو بەریتانیا پاڵپشتی لە گرووپێکی وەکو حەماس بکەیت، هەروەها ئەگەر شتێکی ئاوا رووبدات، چاوەڕوان دەکرێت پۆلیس رێکاری پێویست بگرێتەبەر".
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە چەند شوێنێکی بەریتانیا، لایەنگرانی فەلەستین رێپێوان و گردبوونەوە بکەن و تێیدا داوای راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی کەرتی غەززە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ